Zana Natık Kerem
04 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت لەوەی، تا ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی بەتەواوی ڕەوانە نەکردووە و ڕایگەیاند:"حکوومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات".
شاندی حکوومەتی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئەنجامی دوایین کۆبوونەوە و گفتۆگۆکانی لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق لە بەغدا لەبارەی پرسی بوودجە و مووچە خستەڕوو.
سەرەتا گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق، پێشەوا ھەورامانی ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵیداوە حکوومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی کە لەنێو ھەردوولادا کراون، گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی بە رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکردوو".
پێشەوا ھەورامانی راشیگەیاند، دوای ئەو ھەموو گفتوگۆیانە کە لەنێوان شاندی حکوومەتی ھەرێم و شاندی حکوومەتی فیدراڵیی ئەنجامدراون، حکوومەتی عێراق، ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ناردووە کە بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات و گوتی: "ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبنین، ئەوەیە حکوومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات".
لای خۆیەوە وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان- عێراق، ئاوات جەناب نوری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا، زنجیرە کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە و گوتی: " ئەو رێککەوتنەی کە لە مانگی شوباتدا لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، واژۆکراوە، دەستکاری کراوە و مافە داراییەکانی ھەرێم پێشێل کراون".
ئاوات جەناب نوری ئاشکراشی کرد کە بەپێی یاسای بوودجەی گشتیی، پێویستە حکوومەتی عێراق، مانگانە بڕی یەک تریلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنرێت، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق بە قەرز، پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەنێرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی ھەرێم مانگانە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینار ھەیە تاکو مووچەی مووچەخوران دابەش بکات، کەچی حکوومەتی عێراق ٥٠٠ ملیار دیناری ناردووەو گوتی: "ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە حکوومەتی فیدراڵیی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانەی کردووە لەگەڵ داھاتی ھەرێمی کوردستان بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات.
ھەر لەوبارەیەوە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان- عێراق، ئامانج رەحیم رایگەیاند: "ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە ڕەوانە کراوە، پێچەوانەی ناوەڕۆکی یاسای بوودجەی گشتیی و رێککەوتنەکانە".
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەدا، پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی، مانگانە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەریم بنێرێت و گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بینێرێت".
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم، ئومێد سەباح لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕایگەیاند: "ئەوەی لەبارەی یاسای بوودجەی گشتیی بەرامبەر بە مافە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان نووسراوە، بۆ تۆڵە لە ھەرێمی کوردستان نووسراوەتەوە".
ئومێد سەباح گوتیشی: "یاسای بوودجە گشتیی عێراق، رقی لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان تێدایە، ئێمە لە نیازی خراپی بەغدا تێگەیشتبووین و بۆ ئەوە گفتوگۆمان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی کرد، نیازپاکیی خۆشمان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بوودجە نیشاندا".
ئەمەیش لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگی ئاب دابەشکردوو، کەچی حکوومەتی ھەرێم، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەش نەکردووە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی تا ئێستا حکوومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بەتەواوی ڕەوانە نەکردووە.