Zana Natık Kerem
04 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و کەرکووک چوار تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە ھەمانگی لەگەڵ ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری ھەولێر لە پارێزگای ھەولێر ئەنجامیانداوە، سەرکردەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان بەناوی (و.م.م) دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکە، بەناو بەرپرسی شارەزای تەقەمەنیی بووە لە کەرتی باکوور سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە ھەروەھا کە ھێزەکانی دەزگای سەربە دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە ھەمانگی لەگەڵ ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری سلێمانی دوو ئۆپەراسیۆنیان لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی بازیان سەربە پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە کە لە میانیدا، دوو تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ، ھێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامیانداوە، تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون.