Sarmand Hameed
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنەکە دەکات بۆ تاوتوێکردنی کۆتایی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە وڵات لە دوای کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس.
حەسەن کەعبی لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا هاتووە "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سنوورێک بۆ بوونی ئەمریکا لە عێراق بهێنرێت، هەموو رۆژێک بەجۆرێک پێشێلی سەروەری عێراق دەکەن".
کەعبی راشیگەیاندووە "لە دانیشتنەکەدا سبەینێدا (ئەگەر ئەنجامدرا) تایبەت دەبێت بە وەرگرتنی بڕیارێک بۆ دانانی سنوورێک بۆ بوونی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراقدا".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە کردنە ئامانجی موهەندیس و سولەیمانی کردنە ئامانجی کەسێتییان نییە ئەوەندەی تیرۆرکردنی روونی روحی بەرهەڵستکاری عێراقە لەبەرامبەر هێزە خوبەزلزانەکانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل، هاوکات کردنە ئامانجی جیهاد و بەرهەڵستکاری و رووحی شۆڕشی نێودەوڵەتیی.
سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی ئیدانەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کردبوو، هاوکات داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجووومەنی نوێنەران کردبوو بۆ وەرگرتنی بڕیاری پێویست لەبارەی بوونی ئەمریکا لە عێراق.
چاوەڕێ دەکرێت لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بڕیاری پێویست لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بدرێت، هەروەها تاوتوێی هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی ههریهك له فهرماندهی هێزهكانی قودس سهربه سوپای پاسدارانی ئێران، قاسمی سولهیمانی و جێگری سهرۆكی دەستەی حهشدی شهعبی، ئهبو مههدی موههندیس به ئاراستهكردنی مووشهك بۆ سهر ئۆتۆمبێلهكانیان لە فڕۆكهخانهی بهغدا كوژراون.
ئەم رووداوە داوی ئەوە دێت کە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پینج پێگەی حزبوڵڵایان لە عێراق و سووریا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە بۆسەر بارەگاکانی حزبوڵڵا سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق، دەگوترێ زیاد لە ٢٨ چەکداری حزبوڵڵا کوژران و ٤٨ی دیکە برینداربوون.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک وەڵامێک لەقەڵەمدابوو لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کە رۆژێک بەر لەو بۆردومانەکە کرابووە سەر بنکەی سەربازی K1 نزیک شاری کەرکووک و بەهۆیەوە کارمەندێکی خانەنشینی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی ئەمریکی و دوو سەربازی عێراقی برینداربوون.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، چەکداران و لایەنگرانی حزبوڵڵا عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوە و دواتر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەکە و ئاگرییان لە چەند بەشێکی باڵیۆزخانەکە بەردا.
بەرپرسانی ئەمریکی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە گرووپە چەکدارییە شیعەکان هێرشی مووشەکی بۆسەر ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام دەدەن کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تیایاندا جێگیربوونە، لە بەرامبەردا تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
ئەمریکا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکردووە.