Haydar Karaalp
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
سەرۆكوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق عادل عەبدولمەهدی بەتوندی ئیدانەی کوژرانی فەرماندەی سوپای قودس قاسم سلێمانی و یاریدەدەدری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندسی کرد.
عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەندراوێکی نووسراودا ئەوەی خستوەتەڕوو کە ئەم هێرشەی ئەمریکا پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە وهەڵگیرسێنەری شەڕێکی ماڵوێرانکەرە لە ناوچەکەدا.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە سولەیمانی و موهەندس فەرماندەکانی سەرکەوتنی شەڕی دژی داعشن و نووسیویەتی "تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی سەربازیی عێراقی کە پۆستێکی فەرمی هەیە، دژایەتی کردنی گەل و حکوومەتی عێراقە. پاکسازیکردنی فەرماندە سەربازییەکانی عێراق و وڵاتێکی دۆست (ئێران) لە ناو خاکی عێراقدا پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەمانە و هێرش کردنە بۆ سەر شکۆی نیشتمانەکەمان. هەروەها هەڵگیرسێنەری شەڕێکی ماڵوێرانکەرە لە ناوچەکەدا و پێچەوانەی مەرجەکانی مانەوەی سەربازە ئەمریکییەکانیشە لە عێراق".
عادل عەبدولمەهدی داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد بۆ نیشاندانی هەڵوێستی فەرمی حکوومەت و دەرکردنی بڕیار لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراقدا، بەپەلە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر هێرشەکە ئەنجام بدات.