Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
18 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
هەولێر- AA
یەکەمین کاروانی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا لە رێگای فرۆکەخانەی مینسک لە بێلاڕووسەوە گەڕانەوە هەولێر کە ژمارەیان ٤٣١ کۆچبەر بوو، ناونووسینیش بۆ ئەو کۆچبەرانە بەردەوامە کە ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی گەڕانەوەی کاروانی یەکەمی کۆچبەراندا رایگەیاند: "لهسهر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوون بۆ گرفت و کێشەکانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا و کێشەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا گیریان خواردبوو کە زۆرینەیان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بوون، دوای چەندین پەیوەندی لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراقی و هەوڵەکانی دۆستەکانمان لە ئەورووپا، خۆشبەختانە هەوڵەکان ئەنجامی هەبوو ئەمڕۆ یەکەمین گەشتی کۆچبەران گەڕانەوە خاک و نیشتمانی خۆیان و بەگەرمی پێشوازییان لێ دەکەین".
راشیگەیاند: "بەداخەوە ئەم کۆچبەرانە بوون بە قوربانی دەستی قاچاخچییەکان و ئەم بابەتەش کرا بە بابەتێکی سیاسی و ویستیان ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەکەدار بکەن بەڵام ئەمەیان بۆ بەدی نەهات و هەموو راستییەکان دەرکەوتن، خەڵک پێویستە ئاگاداری ئەو راستییانە بێت و ئەو فێڵەی قاچاخچییەکان بەچاوی خۆیان ببینن کە بەداخەوە هەندێک بۆ قازانجی ماددی و هەندێکیش بۆ بازرگانی سیاسی بەکاریان دەهێنن".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ کاروانی یەکەمی کۆچبەران گەڕانەوە کە ٤٣١ کەسن کە لەسەدا ٩٥یان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، ئێستاش ناونووسین بەردەوامە بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکانەی دیکە کە لەوێ ماون".
جووتیار عادل لەبارەی ئەو قاچاخچییانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچبەران دەبەن بەرەو ئەورووپا رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو دۆستەکانی دڵنیا دەکات چ لە سەر ئاستی عێراق چ لەسەر ئاستی ئەورووپا کە هەموو هەوڵێکی داوە و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە کۆچە، هەوڵەکانمان جددیین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەین کە قاچاخچێتی بەسەر ئەو خەڵکەوە دەکەن و لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەریان وەردەگیرێت، لیژنەیەک هەیە بۆ ئەم بابەتە و تاوەکو ئێستا ئەم لیژنەیە زیاتر لە ١٠ کەسی دەستگیرکردووە کە کاری قاچاخچێتی دەکەن".
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەوە رێگریی لەم جۆرە قاچاخچێتییە دەکات و رێگای پێنادات کە بە فێڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان ببنە ئەو شوێنانە کە خەریک بوو کێشەیەکی گەورەی مرۆیی تێدا رووبدات".
ژمارەیەک لە کۆچبەرانی سنووری بێلارووس-پۆڵەندا لە کاتی گەیشتنیان بەو وڵاتە پاسپۆرتەکانیان فڕێداوە و پاسپۆرتیان پێ نییە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی چارەسەری کێشەی ئەو کەسانە رایگەیاند: "ئەوانەی پاسپۆرتیان نەماوە ڤیزاپاسیان بۆ کراوە و سزا نادرێن، پشکنینی کۆرۆناشیان بۆ ناکرێت و هەموو هاوکارییەکیان دەکرێت بۆ گەڕانەوە".
جووتیار عادل دەربارەی رێژەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردوو رایگەیاند: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ و ساڵی رابردوو رێژەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە کەمتر بووە، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس و لایەن بابەتی کۆچکردنیان بەستەوە بە پرسی سیاسی، ئەمنی و ئابووری، کە هیچ بنەمایەکی نییە، بێگومان ئەوانەی رۆشتوون فریودراون و فێڵیان لێکراوە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە".
گوتیشی: "ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە هەر یەکێکیان لەنێوان چوار تاوەکو شەش هەزار دۆلاریان خەرجکردووە کەواتە هۆکاری رۆشتنیان پارە نییە بەڵکو فریودراون و هەڵخەڵەتێنراون لەلایەن قاچاخچییەکانەوە".