Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی بەغداد میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فایەق زێدان و سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی وڵات و پێشهاتە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، گفتوگۆ کرا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پتەوکردن و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و سازان و یەکخستنی دید و بۆچوونەکان و گفتوگۆ و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و پابەندبوون بە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی و بەگەڕخستنی ھەوڵەکان بە ئاراستەی ھێنانەکایەوەی داوا رەواکان و باشترکردنی دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەگرنگییەوە باس لە پێویستی یەکلایکردنەوەی تانە و سکاڵاکان کراوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەپێی بنەماکانی یاسا بە رەچاوکردنی کاری پیشەیی و بە بێلایەنانە، بەجۆرێک متمانەی دەنگدەران بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەھێزتر بکات لە ھەمان کاتدا دەرچەیەکی یاسایی و دەستووریی بێت بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، دەستپێشخەرییەکان تاوتوێ کرد کە ئاراستەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بکرێت وەک بەڵگەنامەیەک لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ھاتووەتە ئاراوە رووە و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق، بە پێکهێنانی حکوومەتێکی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت، ھاوکات وەڵامی ئاڵەنگاری و بەرکەوتە نیشتمانییەکان بداتەوە و ژیانێکی ئازادی شکۆمەندانەی خۆشگوزەران بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر بکات و گەشەپێدانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بەھێزتر بکات.