عێراق

بەغدا.. بوونی تیمە خۆبەشخانەكان لە گۆڕەپانی تەحریر

- لە میانی خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەك كارمەندی پزیشكی، چێشتڵینەر، سەرتاش و كەسانی شارەزا بۆ رووبەڕووی گازی فرمێسكڕێژ بڵاوبوونەتەوە و خۆبەشخانە یارمەتی خۆپیشاندەران دەدەن.

Arif Yusuf  | 11.11.2019 - نوێکردنەوە : 12.11.2019
بەغدا.. بوونی تیمە خۆبەشخانەكان لە گۆڕەپانی تەحریر

Iraq

بەغدا ــ AA

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە ١ی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیان پێكردەوە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە ژمارەیەك كارمەندی پزیشكی، چێشتڵینەر، سەرتاش و كەسانی شارەزا بۆ رووبەڕووی گازی فرمێسكرێژ لە گۆرەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا كە ناوەندی چالاكی و گردبوونەوەی خۆپیشاندەرانە بڵاوبوونەتەوە و خۆبەشخانە یارمەتی پێشكەش بە خۆپیشاندەران دەكەن.

ئەوەی خۆپیشاندانانەكانی ئەمجارە لە خۆپیشاندانەكانی ساڵانی رابردوودا جیا دەكاتەوە كە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە، خۆرسكانەیە و ناوی لێنراوە "شۆڕشی تشرین".

خۆپیشاندەران مكووڕن لەسەر داواكارییەكانیان بۆ دەستلەكار كێشانەوەی حكوومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی و دوورخستنەوەی ھەموو ئەو بەرپرسانەی تر كە بەتێوگلان لە گەندەڵی تۆمەتبارن.

خۆپیشاندەران لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ تێپەڕكردنی چەند پردێكی ناوەراستی بەغدا و گەیشتن بە ناوچەی سەوز، بەڵام ھێزە ئەمنییەكان بەتوندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و رێگری دەكەن لەوەی توڕەیی خۆپیشاندەران بگاتە ئەو ناوچەیە.

ناوچەی سەوز ناوچەیەكی ھەستیارە و دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا، بارەگای حكوومەت و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسان و باڵیۆزخانە بیانییەكان دەكەونە ئەم ناوچەیەوە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە بەچڕی پاسەوانی دەكرێت.

حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەوباوەڕەدابوو كە خۆپیشاندەران بێ هیوابن و كۆتایی بەخۆپیشاندانەكانیان بهێنن كە داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و رۆشتنی پارتە دەسەڵاتدارەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەروەها دادگاییكرن و سزادانی گەندەڵكاران دەكەن.

ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە ئەوەیە چۆن دەیان خۆپیشاندەر بۆ زیاتر لە دوو هەفتەیە لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی شاری بەغدا بەشەو و بەرۆژ دەمێننەوە و درێژە دەدەن بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەبڕێن بەتایبەتیش كە زۆر بە زەحمەتی دەتوانن دەستیان بگات بە یارمەتی بەتایبەتیش یارمەتی پزیشكی.

وەڵامی ئەم پرسیارە ئەمەیە كە لە گۆڕەپانی تەحریردا، كارمەندانی پزیشكی، چێشتلێنەر، سەرتاش، هونەرمەند و كەسانی شارەزا و لێهاتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گازی فرمێسكرێژ بڵاوبوونەتەوە و بەردەوام یارمەتی پێشكەش بە خۆپیشاندەران دەكەن.



ــ فریاگوزارییە سەرەتییەكان

یاریدەدرێكی پزیشكی كە لە نەخۆشخانەی شاری پزیشكی لە بەغدا كاردەكات و لەئێستا خۆبەشخانە لە گۆرەپانی تەحریردا یارمەتی خۆپیشاندەران دەكات بە ناوی ئەیات رازی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "لەگەڵ تیمێكی پزیشكدا كە لە ٥٠ كەس پێكهاتووە لە گۆڕەپانی تەحریردا بڵاوبووینەتەوە و خۆبەخشانە چارەسەری سەرەتایی پزیشكی پێشكەش بە خۆپیشاندەر بریندارەكان دەكەین".

ئەیات رازای گوتیشی: "ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكانەی كە بۆ چارەسەركردنی خۆپیشاندەر بریندارەكان بەكاریان دەهێنن بەهەوڵی خۆمان دابینمان كردووە".

كارمەندێكی دیكەی پزیشكی كە ئەویش خۆبەشخانە لە گۆرەپانی تەحریردا تا ئێستا گیانی دەیان خۆپیشاندەری برینداربووی رزگاركردووە بە ناوی محەمەد سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی:"بەهۆی ئەوەی زۆر بە زەحمەتی ئامبوڵانسەكان بۆ گواستنەوەی خۆپیشاندەر بریندارەكان دەگەنە گۆڕەپانی تەحریر، سەرەتا ئێمە خۆبەشخانە خۆپیشاندەر بریندارەكان چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەكەین و دواتر بە ئۆتۆمبیڵی بچووك رەوانەی نەخۆشخانەیان دەكەین".

محەمەد سەعید گوتیشی: "هەمووان هاوكاری یەكتر دەكەین و ئەو كارەش بۆ خۆپیشاندەران دەیكەین، كارێكی مرۆییانەیە".


ــ پێدانی خواردن و خواردنەوە بە بێ‌ بەرامبەر بە خۆپیشاندەران

كەسێك بە ناوی جەمیل كازم لە گۆڕەپانی تەحریردا، خواردن و خواردنەوە بەبێ‌ بەرامبەر بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەش دەكات و لەوبارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شوێنەكەم كە بەچەند مەترێك لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دوورە، بەڵام خواردن و خواردنەوە بەبێ‌ بەرامبەر بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەش دەكەم".

جەمیل كازم باسی لە مەترسی شوێنەكەی كرد و گوتی: "زۆر بە پەلە خواردن و خواردنەوە بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەش دەكەم، چونكە شوێنەكەم مەترسیدارە و لەهەر كات و ساتێكدا بێت لەوانەیە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بكرێمە ئامانج".

جەمیل كازم گوتیشی: "لەوانەیە پرسیاری ئەوە بكرێت كە چۆن پارەمان دەستدەكەوێت و ئەو خواردنە زۆرە ئامادە دەكەین و دواتر بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەشی دەكەین؟"

ناوبراو گوتی: "ئەوەی دەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستبكەوێت با بێت لە گۆڕەپانی تەحریردا ئامادە بێت، بە چاوی خۆی ببینێت بزانێت چۆن هەمووان پارە دەدەن و دەیخەنە ناو سندوقێك كە بۆ خواردن و خواردنەوەی خۆپیشاندەران داندراوە".


ــ بوونی كەسانی شارەزا و لێهاتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گازی فرمێسكڕێژ لە گۆڕەپانی تەحریر

كەسێك بە ناوی عەلی موسا كە شارەزاییە لە رووبەڕبوونەوەی گازی فرمێسكڕێژ لە گۆڕەپانی تەحریردا، خۆبەخشانە یارمەتی ئەو خۆپیشاندەرانە دەدات كە بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە بریندار دەبن و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر داوی پزیشكێك پەڕۆیەك دەخەمە ناو پوتڵێكی ئاوی بچووك و دەیدەمە دەموچاوی ئەو خۆپیشاندەرەی كە گازی فرمێسكڕێژیان بەردەكەوێت".

عەلی موسا گوتیشی: "ئەو كارەی دیكەم جگە لەوەی خۆبەخشانەیە، هەروەها چارەسەرێكی زۆر باشە بۆ ئەو خۆپیشاندەرانەی كە گازی فرمێسكڕێژیان بەردەكەوێت".

ناوبراو گوتیشی: "لە سەرەتادا، هەمووان خواردنەوە گازییەكانیان بۆ شوشتنی دەموچاوی ئەو خۆپیشاندەرانە بەكاردەهێنا كە گازی فرمێسكڕێژیان بەردەكەوت، بەڵام لەئێستادا رۆژانە دوو هەزار و ٤٠٠ بوتڵی ئاوی بچووك ئامادە دەكەن و لە گۆڕەپانی تەحریردا بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەشی دەكەم بۆ ئەوەی لەو كاتەی گازی فرمێسكڕێژیان بەردەكەوێت، دەموچاوی خۆیانی پێ بشۆن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın