Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی وەرگرتنی کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی وڵاتان رایگەیاند، پەیوەندییە ھاوسەنگەکانی عێراق پشتیوانی دەکات لە ھەماھەنگیی نێودەوڵەتیی و ھەرێمایەتیی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ھاوبەشەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کارنامەی ھەر یەک باڵیۆزی نوێی بەنگلادیش، ئامدی فەزلول باری و باڵیۆزی نوێی رۆمانیا، رادۆ ئاوکتافیا دووبری و باڵیۆزی نوێی پاکستان، ئەحمەد ئەمجەد عەلی و باڵیۆزی نوێی ھندستان، پراشانت بیسی و باڵیۆزی سوید، جۆناس لۆفێن و باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا، پیدرۆ مارتینس ئەڤیال مارتین و باڵیۆزی نوێی مۆریتانیا، حەسەن محەمەد ئەعلیات و باڵیۆزی نوێی فینلاند، ماتی لاسیلا و باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا، فێلا فارێولا و باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا، ئەیریک شۆفالیە وەرگرتووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق بەگرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە ھاوسەنگەکان لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای پتەوکردنی ھەماھەنگیی سیاسیی، ئابووریی، بازرگانیی و وەبەرھێنان، ھەروەھا پشتیوانیکردن لە ھاریکاریی نێودەوڵەتیی و ھەرێمایەتیی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ھێنانەکایەوەی ئاشتیی لە تەواوی ناوچەکەدا.
بەرھەم ساڵح هەروەها جەختیکردووەتەوە لە گرنگیی ھەماھەنگیی نێودەوڵەتیی و ھەرێمایەتیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی جیھان، بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر، چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، قەیرانی تەندروستیی، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا و پاراستنی ژینگە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەرھەم ساڵح ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ لە عێراق خواستووە لە جێبەجێکردنی ئەرکانیان، بەجۆرێک ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندی دۆستانە و ھەماھەنگی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان.
لەلای خۆیانەوە باڵیۆزی نوێی ئەو وڵاتانە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرکۆماری عێراق کردووە و جەختیانکردووەتەوە لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق لەبوارە جیاجیاکاندا.