Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند کە سزای توندی ئەنجامدەرانی پەلامارەکەی سەر ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە کەرکووک دەدەن.
لیوا یەحیا رەسول لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەکان داوە لەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی عێراق و رایگەیاند کە پلانێکی ستراتیجیی ئامادەکراوە بە ئامانجی پاراستنی ناوچەکانی سنووریی کارگێڕی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەددین و گوتی:
"لەئێستادا شەڕی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ پاشماوەکانی داعش، ھەواڵگرییە و ھێزەکانمان توانای ریشەکێشکردنی رێکخراوەکەیان ھەیە".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول جەختیکردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان گورزی توند لە پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەوەشێنن و گوتی: "ئەنجامدەرانی پەلامارەکەی سەر ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە کەرکووک، سزای توند دەدەرێن".
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند کە لە ئاکامی پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ھێزەکانی لیوای ١٨ی پۆلیسی فیدراڵیی لە سنووری ناحیەی رەشاد باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، ١٢ پۆلیس کوژران.