هەولێر - AA هێمن حوسێن
خوێندنەوەی کتێب ئەو خولیا و چالاکییەیە کە بەشێکی کاتەکانمانی بۆ تەرخان دەکەین، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کەمتر خوێنەری کتێب لە بازاڕی کتێبفرۆشان دەبینرێن، ئەگەرچی بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، ژمارەی سەردانیکاران بۆ کتێبخانەکان و ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنی کتێب، ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ زیادی کردووە، بەڵام کتێبفرۆشانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی قەیرانی دارایی و ھاوکات بەرهەمە دیجیتاڵییەکان، خوێنەرانی کتێبی چاپکراو لە پاشەکشەدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە نووسەر و خوێنەر و کتێب ئاشت بکەنەوە هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە پڕۆژەیەکی بە دیجایتاڵکردنی کتێبیان هەیە و لە ئاییندەدا خوێنەران دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.
بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیاری وەستا عەزیز لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا لەبارەی خوێندنەوەی کتێب گوتی: "دەتوانین بابەتی خوێندنەوە بکەین بە دوو بەش، خوێندنەوەی کتێبی چاپکراو لە پاشەکشەدایە، بەڵام خوێندنەوەی کتێب لە رێگای تەکنەلۆجیاوە هەیە، چونکە دەتوانرێت بە ئاسانترین شێوە دەستت بکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە رێژەی سەردانیکارانی کتێبخانەکان بە دڵی ئێمە و ئەم کابینەیە و بە دڵی نووسەرانیش نییە، بەڵام بەراورد بە پارساڵ زیادی کردووە و رۆژانە خەڵک سەردانی کتێبخانەکان دەکەن، بۆیە دەکرێت کار لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن نووسەر و خوێنەر و کتێب ئاشت بکەینەوە، ئەمە ئەرکێکی قورسی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەتایبەتیش ئەرکی ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە لە وەزارەتی رۆشنبیری".
بەگوتەی دیاری وەستا عەزیز ئەمساڵ لە سەرجەم بوارەکاندا کتێبەکان چاپکراون، بەڵام رۆمان و بیرەوەریی سەرکردەکان خواستێکی زیاتریی خوێنەرانی لەسەرە و لەمبارەیەوە دەڵێت "لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا حەوت هەزار و ٩٨٠ ژمارە سپاردن-مان داوە بە نووسەران بۆ چاپکردنی بەرهەمەکانییان، بۆ ئەمساڵیش کتێبەکان لە سەرجەم بوارەکان چاپکراون، بەڵام ئەوەی ئێستا خوێنەری هەیە یان زیاتر کاری لەسەر دەکرێت، بواری رۆمانە، هەروەها نووسینەوەی یاداشت و بیرەوەریی سەرکردە و فەرماندەکانیش خوێنەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بابەتە زانستی، وەرزشیی و ئەدەبییەکان، زیاتر ئەو فێرخوازانەی پێویستییان پێیە بۆ ماستەر و دکتۆرا، ئەوان سەردانی کتێبخانەکان دەکەن و کتێبەکان دەخوێننەوە".
دیاری وەستا عەزیز دەشڵێت "لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١دا، هەشت هەزار و ١٨٦ کەس سەردانی کتێبخانەکانی کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١- ٢٠٢٢دا، دوازدە هەزار کەس سەردانی کتێبخانەکانی کردووە کەواتا سەردانیکردن گەشەی کردووە، بەڵام هێشتا ئەم ژمارەیە خواستی ئێمە نییە و چاوەڕوانی زیاترین".
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ نووسەران و بەچاپگەیاندنی بەرهەمەکانییان، دەسەڵاتی ژمارەی سپاردنییان داوەتە ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە دەسەڵاتییان نەبووە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ دەستبەکاربوونمان، دەسەڵاتی ژمارەی سپاردنمان داوەتە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەرمیان و هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە ئەو دەسەڵاتەیان هەبوو، هەروەها هەفتەی پێشوو کتێبخانەی گشتی زاخۆمان دەست نیشان کرد و دەسەڵات دەدەین بە ئەویش کە ژمارەی سپاردن بداتە نووسەران، ئەمە کارئاسانییە بۆ نووسەرێک لە شوێنەکەی خۆی دەتوانێت ژمارەی سپاردن وەربگرێت و پێویست ناکات بڕوات بۆ سلێمانی یان هەولێر، هاوکات لەماوەی رابردووشدا هەندێک کێشە هەبووە کە بووەتە هۆی زویربوونی هەندێک نووسەری گەورە کە وەک پێویست هاوکاری نەکراون، بە پێدانی ئەم دەسەڵاتە بە بەڕێوەبەرایەتییەکان، ئەو گرفتە چارەسەربووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو کتێبانە ژمارەی سپاردنیان پێ دەدرێت کە داواکارییەکانییان پێشکەش دەکرێت، بەدەر لەو کتێبانەی کە بابەتی دین، کولتوور، مێژووی نەتەوەکەمان کە بەجۆرێک بێت کە بزانرێت بۆ نەوەکانمان لەبارنییە یان بابەتێک بێت هەستی پێکەوەژیان بریندار بکات، ئەو جۆرە کتێبانە دەنێرین بۆ وەزارەت و لەوێ لیژنەیەک هەیە دوای دیراسەکردن ئینجا بە بەڵێ یان بە نەخێر دەیگەڕێننەوە بۆ ئێمە".
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، لەبارەی شێواز و تێچووی چاپکردنی کتێبەوە، دیاری وەستا عەزیز گوتی: "بەداخەوە چاپکردنی کتێب بەهۆی بابەتی داراییەوە دەبردرێتە دەرەوەی هەرێم، بۆ بردنە دەرەوەکەش ئەوە نییە کە بڵێین دیزاینێکی جواتر یان رێنووسێکی باشتر لەوێ هەیە، بەڵکو تەنیا بابەتە داراییەکەیە، جاران جیاوازییەکی زۆری ئابووری هەبوو لەنێوان هەرێم و دەرەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو کێشە ئابوورییە قورسەی کە لە ئێران هەیە، ئەگەر تێچوو وەکو ئێرەی لێنەهاتبێت، پێموانییە زۆر کەمتر بێت".
دیاری وەستا عەزیز دەشڵێت "لەماوەکانی رابردوودا، کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەبووە کە چۆن ناوەندەکانی خوێندن زیندوو بکەینەوە، بە تایبەت لە قۆناغی ناوەندی دەبێت خوێندکار وا لێبکەین کە خۆشەویستی بۆ خوێندن و نووسین هەبێت و بەدوای سەرچاوە و کتێبی دەرەوەی مەنهەجی خۆییدا بگەڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەکی باشمان ئامادەیە و ئەگەر لایەنی دارایی هاوکارمان بێت دەتوانێت گەشەیەکی باش بەم بوارە بدەین لە ناوەندەکانی خوێندندا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کتێب وەک مەعریفە لەگەڵ خوێندکاردا لێک نزیک بکەینەوە بەجۆرێک جگە لەو مەنهەجەی بۆخۆی دەیخوێنێت، ئاشنای بکەین بە کتێبی دیکە".
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان جەختیش لەوە دەکاتەوە کە کتێب یەکێکە لە خۆراکە هەرە سەرەکییەکان بۆ مێشک و گوتی: "کاتێک کتێبێکی خراپ دەچێتە ناو کۆمەڵگاوە، ئەوا لە خوێنەر دەکات کە بڕیاری خێرا بدات کە دوور بکەوێتە لە خوێندنەوە، بۆیە دەبێت بزانین کە چ جۆرە کتێبێک دەخەینە بازاڕەوە، کتێب یەکێکە لە خۆراکە هەرە سەرەکییەکانی مێشکی مرۆڤ بەتایبەت توێژی گەنجان".
هەندێک کتێب هەیە کە مێژووی چاپکردنەکەی کۆنە و لە کتێبخانەکان دەبینرێن، لەبارەی چۆنیەتی پارێزگاریکردن لەم کتێبانە، دیاری وەستا عەزیز رایگەیاند "کتێبمان هەیە دەکرێت وەک سەرەوەری نیشتمانیی سەیر بکرێت، ئەمەش لیژنەی تایبەتی هەیە و لەمەشیان هەندێک کەموکوڕیمان هەیە لەوەی بتوانین ئەو فەرمانبەرانەی ئەو کتێبە کۆنانە هەڵدەگرن، چۆن بتوانین بیانپارێزین لە رووی تەندروستییەوە، چونکە بێگومان ئەو کتێبانەش بێبەش نابێت لەو میکڕۆبە خراپانەی کە دژە مرۆڤن".
بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە مەبەستی بە دیجیتاڵکردنی کتێب، پڕۆژەیەکیان لەبەردەستدایە و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، هەر خوێنەرێک دەتوانێت بە لاپتۆپ یان مۆبایلەکەی دەستییەوە، خواستی لەسەر کامە کتێب هەبێت، بیخوێنێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "نەوەی داهاتوو زیاتر ئاشنایە بەو کۆمپیوتەرە یان ئەو مۆبایلە زیرەکەی لەبەر دەستییەتی، بۆیە بە دیجیتاڵکردنی کتێب لە بەرنامەماندایە، بەهاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری، هاوکات هەندێک جووڵەی کەسی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەستی پێ کراوە و لە ئایندەدا هەموو ئەو کتێبانە بەشێوەیەکی ئەلیکتڕۆنی داخلی سیستەمێکی دەکەین کە هەموو کەس بتوانێت لە لاپتۆپەکەی خۆیەوە یان مۆبایلەکەیەوە ئاشنا بێت بەو کتێبەی دەیەوێت، تێچووەکەی زۆر نییە، بەڵام هێزێکی زۆری دەوێت".
خاوەنی کتێبخانەی سۆران لە بازاڕی کتێبفرۆشانی شاری هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی قەیرانی دارایییەوە تێچووی چاپکردن زیادبووە هەر بۆیەش رێژەی چاپکردن کەمی کردووە و لەمبارەیەوە بۆتان یابە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستاش کتێب چاپ دەکرێت، بەڵام پێشتر کە دۆخی دارایی باش بوو خەڵک زیاتر کتێبی چاپ دەکرد، ئیستا کەمتر بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک لەسەر ئەرکی خۆی کتێب چاپ دەکات و لە ئێستاشدا تێچووی چاپکردن زیادی کردووە، بۆ نموونە من ویستم هەزار دانە لە کتێبێک لە وڵاتی ئێران چاپ بکەم، بەڵام لەماوەی دوو رۆژدا، هەزار دۆلار هاتە سەر کۆی نرخەکەی، بۆیە ئێستا لەوێش تێچووی چاپکردن زۆر بووە".
لەبارەی خواستی هاووڵاتییان لە بواری کتێبە جۆراوجۆرەکان، بۆتان یابە گوتی: "خوێنەری کتێب هەیە، چونکە ئەوانەی کتێب لە ئینتەرنێت دەخوێننەوە توێژی گەنجەکانن، بەڵام لەوان بە تەمەنتر ئێستاش چێژ لە خوێندنەوەی کتێبی چاپکراو دەبینن، لەئێستاشدا خواستی خوێنەران بە پلەی یەکەم خوێندنەوەی کتێبی ئایینییە کە خواستێکی زۆری لەسەرە، لەدوای ئەویش بە پلەی دووەم کتێبی فێربوونی زمانی ئینگلیزییە".
خاوەن کتێبخانەی مەحوی لە بازاڕی کتێبفرۆشان، سورکێو سەلیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەدەخاتەڕوو کە پێشتر مانگانە زیاتر لە ١٠ کتێبیان چاپ کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایییەوە یەک کتێبیشیان بۆ چاپ ناکرێت و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئێستا کتێب کەمتر چاپ دەکرێت و خوێنەری چاپکراویش کەمتربووەتەوە، بێگومان هۆکاری کەمکردنەوەی چاپکردنی کتێب دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی، ئەگەرچی رۆژانە خەڵک دێت بۆ کتێب کڕین، بەڵام جۆری کتێبەکان کەمە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە مانگانە ١٠ بۆ ١٥ کتێبمان چاپکردبێت، ئێستا مانگانە یەک کتێبیش چاپ ناکەین، چونکە کڕیاری کەمتر بووەتەوە".
سورکێو سەلیم دەشڵێت "خوێنەر زۆر دێن سەیری ناونیشانی کتێبەکان دەکەن و دواتر کارتێکی ئینتەرنێت دەکڕن بە ٢٥ هەزار دینار و نزیکەی ٢٥ جۆری کتێبی پێ داونڵۆد دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی چاپکردن گران بووە، پێشتر لە وڵاتی ئێران تێچووی چاپکردن هەرزانتر بوو، بەڵام ئێستا لەوێش تێچووەکە گران بووە".
news_share_descriptionsubscription_contact



