Sarmand Hameed
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2022
هەولێر - AA
چوارچێوەی ھەماھەنگیی سوپاس و پێزانی ئاراستەی ئەو خۆپیشاندەرانە کرد کە زۆرینەیان لایەنگرانی پارتە سیاسییەکانی نێو ھاوپەیمانییەکە بوون بۆ بەشدارییکردنیان لەو خۆپیشاندانەی کە ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو.
لەو راگەیەندراوەی کە لە چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە "چوارچێوەی ھەماھەنگی، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی جەماوەری عێراقی بەرگرییکار لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەکات، ئەمڕۆ نموونەیەکی نایابیان نیشاندا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتیانە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و شەرعییەتەکەی و دامەزراوەکانی راگەیاند، ھەروەھا بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندی ھاووڵاتییان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا کە ئاراستەی ئەو خۆپیشاندەرانە کراوە کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کردووە، ھاتووە "لە کاتێکدا سوپاس و پێزانینمان بۆ ئێوە نوێ دەکەینەوە بۆ پابەندبوونتان بە رێنماییەکانی لیژنەی رێکخەری خۆپیشاندانەکە، داواتان لێ دەکەین ئامادەبن بۆ بەرگرییکردن لە دەوڵەت و دەستوور و رژێم لە ھەرکاتێک کە پێویست بوو. ھەر وەک چۆن عێراق لەگەڵ ئێوەدا سەرکەوت، بە ھۆشیاری و تێڕوانین و ئامادەیی بەردەوامتان بۆ بەرگریکردن و پارێزگارییکردن لێی سیستەمی دیموکراسی فیدراڵی خۆی دەپارێزێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر داوای چوارچێوەی ھەماھەنگیی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو، ئەمەش لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر بوو کە لە رۆژی شەممەوە چوونەتە ناو ناوچەی سەوز و ھەڵیانکوتاوەتە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.