Heman Hussein Yaseen
05 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2023
هەولێر - AA
لە کۆتایی مانگی تەمووزی ٢٠٢٢دا، بە مەبەستی رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشان دا لەسەر تەرخان و خەرجکردنی بڕی ٣٥ ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە لە چەند شوێنێکی دەوروبەری شەقامی ١٥٠ مەتری و ناو شاری هەولێر.
بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە چەند شوێنێک دەستی بەکارەکانی کرد لەوانەش، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقیی لە رێگای هەولێر-پیرمام، دروستکردنی ئاوەڕۆی کونجی کونکرێتی دووچاوەیی لەژێرشەقامی سەرەکی پیرمام نزیک ئەکواتارین و کۆنسولخانەی ئەمریکا و کۆمەڵگای مەلائۆمەر.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوکات بۆ بەستنەوەی دوو ئاوبەری سندوقیی لەژێر شەقامی ١٥٠مەتری کە بەناو گوندی کەلکن دا دەڕوات تا دەگاتە شەقامی پیرمام، هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقیی لە پشت نەخۆشخانەی کوردستان ستی تا نەخۆشخانەی ئیماراتی لە بەحرکە دەستی بەکارەکانی کرد.
لە ئێستاشدا کارکردن لە شەقامی ٣٠ مەتری بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوامە و بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ مەتر ئاوەڕۆی سندوقیی دروست دەکرێت بۆ ئەوەی گرفتی کۆبوونەوەی ئاو لە شوێنە چارەسەر بکرێت کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، بەشێوەیەکی بەردەوام ئەو شوێنە ئاوی بارانی لێ کۆدەبووەوە.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، زەردەشت عەبدولخالق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە بەرلە هاتنی وەرزی پاییز، ئامادەکاری دەکرێت و دەست دەکرێت بە پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان لەکاتی بارینی بارانی بەخوڕ، ئەوەی چەند ساڵە تووشی گرفتی دەکردین کۆبوونەوەی ئاو بوو، بەهۆی ئەوەی چەقی هەولێر ٣٠ مەترییە و بەهۆی زۆری قیڕتاوکردنەوە ئاوی باران زیاد دەکات و ناچێتە ناخی زەوی، بۆیەش لەم شوێنەدا دوو سندوق دروست دەکرێت بۆ دەربازکردنی ئاو لەو شوێنە کە درێژییەکەی هەزار و ٢٠٠ مەترە و ١٤ هەزار مەتر سێجا ئاو لەخۆ دەگرێت".
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەبارەی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە و چارەسەرکردنی گرفتەکانیش گوتی: "بەرلە هاتنی نەورۆز ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت، هاوکات پڕۆژەیەکی دیکەش ماوە کە ئەویش سێ مانگ دەخایەنێت، بە تەواوبوونی سەرجەم پڕۆژەکانی سندوقی ئاوبەریی، دەتوانرێت سەدا ٨٥ی گرفتەکانی کۆبوونەوەی ئاو چارەسەر بکرێت".
هاوکات رێباز محەمەد عومەر کە یەکێکە لە ئەندازیارەکانی پڕۆژەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سندوقەکە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە شەقامی ٣٠ مەتری دەست پێ دەکات و ئاوەکە دەگوازێتەوە بۆ بەردەم سایلۆ لە شەقامی ٦٠ مەتری و لەوێ ژوورێک هەیە کە راستەوخۆ ئاوەکە بۆ دەرەوەی هەولێر دەنێرێت".