Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
چەند مووشەکێک لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کەوتنەخوارەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، چوار مووشەکی جۆری کاتیوشا ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز کرا.
سەرچاوەکە راشیگەیاند، مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگریی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە رێگرییان لێکراوە و ئاراستەیان بەرەو ناوچەی دیکەدا گۆڕاوە و لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، دوای هێرشەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە بیسترا.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ راگەیەنراوێکیان لەبارەی زەرەر و زیانەکانی ئەم هێرشە مووشەکییە بڵاونەکردووەتەوە.
لەوەتەی مانگی تەمووزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار هێرشی هاوشێوە ئەنجامدراوە و کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لەنێویاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.
ئەمریکا، نزیکەی پێنج هەزاری وڵاتەکەی و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازیی دیکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق جێگیر کردووە.