Fakhradin Ibrahim Mohammad
03 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2025
هەولێر - AA
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەمڕۆ ٣ی ئۆکتۆبەر لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد.
بە پێی بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەستی پێکرد.
بەو پێیە بەربژێرەکان دەست بە بانگەشە بۆ لیست و قەوارەکانیان دەکەن و پلانی خۆیان بۆ دەنگدەران دەخەنە ڕوو.
هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووهەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و بە پێی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵمەتەکە هەتا ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، حەوت هەزار و ٧٦٨ کەس کە دوو هەزار و ٢٤٨ یان ژن و پێنج هەزار و ٥٢٠یان پیاون ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن.
بە پێی هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت و ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک بەو پێیە دەبێت:
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
| ژمارە | پارێزگا | کورسی | کۆتای ژنان |
| ١ | بەغدا | ٦٩ | ١٧ |
| ٢ | نەینەوا | ٣١ | ٨ |
| ٣ | بەسرە | ٢٥ | ٦ |
| ٤ | زیقار | ١٩ | ٥ |
| ٥ | بابل | ١٧ | ٤ |
| ٦ | سلێمانی | ١٨ | ٥ |
| ٧ | ئەنبار | ١٥ | ٤ |
| ٨ | هەولێر | ١٥ | ٤ |
| ٩ | دیالە | ١٤ | ٤ |
| ١٠ | کەرکووک | ١٢ | ٣ |
| ١١ | سەلاحەدین | ١٢ | ٣ |
| ١٢ | نەجەف | ١٢ | ٣ |
| ١٣ | واست | ١١ | ٣ |
| ١٤ | دیوانیە | ١١ | ٣ |
| ١٥ | میسان | ١٠ | ٣ |
| ١٦ | دهۆک | ١١ | ٣ |
| ١٧ | کەربەلا | ١١ | ٣ |
| ١٨ | موسەنا | ٧ | ٢ |
لە هەڵبژاردنەکەدا ١٤٦ هاوپەیمانی و پارت و کەسایەتی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی کە ٨٣یان کۆتای ژنانن.
هەرێمی کوردستان ٤٦ کورسی بۆ دیاری کراوە و لەم هەڵبژاردنەدا بەربژێرەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە چوارچێوەی بازنەی سلێمانیدا بەشداری هەڵبژاردن دەبن.
پێکهاتەکان لە عێراقیش بە پێی یاسای ژمارە (٤)ی هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا پەسەند کراوە، خاوەنی ٩ کۆتا دەبن لە هەڵبژاردنەکاندا کە بەم شێوەیە دەبێت: پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان لە هەر کام لە بازنەکانی بەغدا، کەرکووک، نەینەوا، دهۆک، هەولێر دەبێت. هاوکات لە بازنەی بەغدا، پێکهاتەی سائی یەک کورسی، کەمینەکانی شەبەک و ئێزدی لە نەینەوا هەرکام یەک کورسی و فەیلییەکانیش لە واست یەک کورسی کۆتایان دەبێت.
هەرکام لە بەرژێرەکانیش بە پێی یاسا تەمەنیان نابێت لە ٣٠ ساڵ کەمتر بێت و مەرجە خاوەنی بڕوانامەی بکالۆریۆس بن، بەڵام بۆ کۆتاکان لە ئامادەیی کەمتر نەبێت.
لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزارو ٢٩١ كەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ١٨ ملیۆن و ٣٣٥ هەزار و ٨٨٠ کەسی لە ١٥ پارێزگای عێراقدان و سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٤١١ كەسی لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە.