جيهان, ئابووری, عێراق

هەناردەکردنەوەی نەوت هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا

Heman Hussein Yaseen  | 03.10.2025 - نوێکردنەوە : 10.10.2025
هەناردەکردنەوەی نەوت هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا

Arbil

هەولێر - AA

دوای نزیکەی سی مانگ لە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت، جارێکی دیکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە و لە قۆناغی یەکەمیشدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە ١٩٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرێت و، ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی ھەرێم بەکار دەھێندرێت و ڕێککەوتنەکەش لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.

ھەناردەکردنەوەی نەوت، دوای دانوستانێکی چەند مانگەی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان بوو، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە دەتوانێت ببێتە خاڵێکی سەرەتا بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە تێیدا بەندەری جەیھان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گواستنەوەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بازاڕەکانی جیھان.

پسپۆڕان و شارەزایانی بواری نەوت، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆسەیە جارێکی دیکە پێشبینییە ئابوورییەکان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ڕێکدەخاتەوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ئەم ڕێککەوتنە سوودی لێ وەردەگیرێت لە نووسینەوەی یاسای بوودجەدا کە پێشبینی دەکەن لە خوولی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران تەواو بکرێت.

پسپۆڕی بواری وزە، دکتۆر ڕێبین سەمەد لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان، هەرچەندە پێشتر ئەم کێشەیەمان لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکوەزیرانی عێڕاق هەبووە و بە درێژایی ململانێیەکان ئەم کێشەیە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە تا شوباتی ٢٠١٤ کە هەرێم توانی بە هاوکاری تورکیا نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات و دوای ئەوە ململانێیەکە بە شێوازێکی دیکە سەریهەڵدا و لەم کاتەدا بینیمان سەرۆکوەزیرانی ئەوکات، حەیدەر عەبادی لە دادگای پاریس سکاڵای لەسەر حکوومەتی هەرێم و تورکیا تۆمار کرد".

دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتیشی: "ئەم کێشەیە بەردەوام بوو، ساڵانە بەپێی جۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەم بابەتەش هەڵبەز و دابەزی دەکرد، واتا لەسەر بنەمای دامودەزگای دەوڵەت ڕێککەوتنی لەسەر نەکرا بۆ ئەوەی کێشەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەداخەوە ئەم کێشەیە نزیکەی بیست ساڵی خایاند تا گەیشتە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥ کە تێیدا جۆرێک لە نەرمونیانی بەرامبەر بە کۆمپانیاکان بینرا، هەرچەندە تێچووی یەک بەرمیل نەوت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق جیاواز بوو، چونکە ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق تێچووی یەک بەرمیل نەوت لە خوار شەش دۆلار بووایە، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان تێچووی یەک بەرمیل نەوت ١٦ دۆلار دیارییکرا بە تایبەت لە ماددەکانی ١٢ و ١٣ (پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی) بە ڕوونی ئاماژەی پێکرا. بەڵام کۆمپانیاکان لەوەشدا متمانەیان بە حکوومەتی فیدڕاڵی نەبوو کە ئەو شایستە داراییەیان پێ بدرێت بۆیە لە دوای نزیکەی نۆ مانگ، دووبارە ڕێککەوتن و گفتوگۆکان لە نێوان کۆمپانیا و حکوومەتی فیدڕاڵی دەستی پێکرد، بینیمان چەند جارێک مووچە دواکەوت یان ناردنەکەی بە مەرجی ڕادەستکردنی نەوت بوو بە حکوومەتی فیدڕاڵی".

ئەو پسپۆڕەی بواری وزە ئاماژە بە دوو سیاسیەتی جیاوازی نەوت دەکات کە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "لە عێراق دوو سیاسەتی نەوت هەیە، لەلایەن هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک و لە عێڕاقیش بە شێوازێکی دیکە بەڕێوەدەچێت، حکوومەتی فیدراڵی هەمیشە حەز و ویستیان لەگەڵ ئەوەیە کە ئەوان بەهێزبن لە بڕیاردان و دەرهێنان و فرۆشتن و واژووکردنی گرێبەستەکان، بەڵام ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە پێچەوانەی بڕگەکانی دەستووری عێڕاقە، چونکە عێڕاق فیدڕاڵییە، واتا دەبێت دووبارە دەسەڵاتەکان دابەشبکرێنەوە لە نێوان هەرێمەکان و حکوومەتی فیدڕاڵی، عێڕاق تاکە دەوڵەتە لە نێو ڕێکخراوی ئۆپیک کە لە دوای ٢٠٠٣یەوە هیچ یاسایەکی نیشتمانی نەوت و غازی نیە، واتا ئەوەی لە عێڕاق کاری پێدەکرێت بریتییە لەو یاسا کۆنانەی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف (٦٥ ساڵ بەر لە ئێستا) ".

دکتۆر ڕێبین سەمەد تیشکدەخاتە سەر ئەوەی کە ئەمریکا ڕۆڵی لە هەناردەکردنەوەی نەوت هەبووە بۆ ئەوەی وڵاتان نەوتی ڕووسیا نەکڕن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر هەڵسەنگاندێک بکەین دەبینین ئەمریکا هەڵمەتێکی چڕ و پڕی کردووە و بە تایبەتی داوای لە وڵاتانی کڕیاری نەوت کردووە کە نەوتی ڕووسیا نەکڕن و لەبەرامبەر ئەوەدا کۆمەڵێک پشک و ئیمتیاز و گرێبەستی نوێ دەخرێتە بەردەمیان، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانە کە ڕۆژانە نزیکەی ٩٨٠ هەزار بەرمیل بەکاردەهێنێت و سەدا ٤٠ی ئەو سووتەمەنییە لە ڕووسیا دەکڕێت و سەدا ٤٠ی دیکەش لە ئازەربایجان و قەتەڕ، بە دڵنیاییەوە ئەمریکا هانی تورکیا دەدات بەدوای نەوتی نا ڕووسیاییدا بگەڕێت".

ڕێبین سەمەد گوتیشی: "نەوتی هەرێم کە لەم کاتەدا ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، هەنگاوەکان بەو ئاراستەیە دەڕوات کە نەوتی کەرکووکیش لە چەند مانگی داهاتوودا بە هەمان بۆڕی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە، واتا ئامانجی عێڕاق و تورکیا ئەوەیە کە ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەم بۆڕییە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت".

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و کاریگەریی لەسەر داهاتی عێڕاق، ڕێبین سەمەد گوتی: "ئێستا بە ١٩٠ هەزار بەرمیل هەناردە لە ڕۆژێکدا دەستی پێکردووە، ئەگەر ٦٥ دۆلار بەهای یەک بەرمیل بێت ئەوا لەماوەی یەک ساڵدا پێنج ملیار دۆلار دەچێتە خەزێنە فیدڕاڵی و ئەمەش جۆرێک لە زامنکردنی بوودجە و مووچەیە کە دەبینین مانگانە تووشی کێشەی دارایی دەبین بەهۆی بڕیارەکانی دادگای پاریسەوە، بۆیە ئەگەر سەیری بەهای یەک بەرمیل نەوت بکەین کە لە ڕێگای سۆمۆ دەفرۆشرێت بێگومان قازانجەکەی دوو بەرامبەرە لەوەی هەرێم بیفرۆشێت چونکە هەرێم بەپێی دەستوور و ئەو پابەندییە نێوەدەوڵەتییە ناتوانێت نەوت هەناردە بکات".

لەبارەی پێدانی دڵنیایی بە کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت، دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتی: "سەرجەم بەرمیلە نەوتەکان لە ڕێگای کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەم دەهێندرێت، حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەو توانایەیان نیە نەوت بەرهەمبهێنن، بۆیە سەدا سەد لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ئەنجام دەدرێت، لە هەرێم زیاتر لە ٤٩ کێڵگەی نەوت هەیە، ڕێژەی تێچووی بەهای یەک بەرمیل لە کێڵگەیەک بۆ کێڵگەیەکی دیکە جیاوازە، بەشێک لەوانەی وەک خوورمەڵە و تەقتەق کە ئامادەبوون و ماندووبوونی کەمتر بووە، بەڵام بەشیکی زۆر لەوانی دیکە خەرجییەکی زۆر لە گەڕان و پشکنینی تێداکراوە تا گەیشتوونەتە بەرهەمهێنان".

هاوکات پسپۆڕێکی دیکەی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە بۆڕیی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە و وەک تاکە ڕێڕەوی هەناردەی نەوت سەیر دەکرێت کە دەتوانێت جارێکی دیکە هەناردەی نەوت لە ڕێگای جەیهانەوە چالاک بکاتەوە و کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییان دروست بکات.

پسپۆڕی بواری وزە، شەهریار شێخلەر لەبارەی هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێموایە پاش ماوەیەکی زۆر و کۆمەڵێک دانوستانی جیاواز لە نێوان هەرێم و بەغدا و دواتر لە نێوان هەردوولا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت، لە کۆتاییدا گوشارە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکان بە تایبەت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا، توانرا کرانەوەیەک لەم کێشەدا بێتە ئاراوە و ببێتە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆڕییەوە هەناردە بکرێتەوە و تا ئێستا شتەکان ئەرێنییە و هیوادارین هەر بەم ڕێڕەوەدا ڕێگای خۆی بگرێت".

شەهریار شێخلەر گوتیشی: "ئەم بۆڕییە بۆ چەند لایەنێک گرنگە، سەرەتا گرنگییەکی تایبەتی بۆ حکوومەتی هەرێم هەیە وەکو تاکە ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەروەها گرنگییەکی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی عێڕاق جارێکی دیکە هەم گرێبەستی خۆی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و هەم هەناردەی نەوت لە ڕێگای جەیهانەوە چالاک بکاتەوە و کاریگەریی ئەرێنی هەبێت لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان، هەروەها عێڕاق بتوانێت نەوتی باکووری عێڕاقی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵی و نەوتی حکوومەتی هەرێم کە فرۆشتنی بەدەست فیدڕاڵییە، بتواندرێت بیگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان و پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کڕیار و کۆمپانیاکانی کڕیار پتەوتر بکات، ئەمە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەورووپا دەبێت کە هەم لەلایەن ئەورووپا و هەم لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن وەک بەشێک لە جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا هەروەها دابینکاری ئاسایشی وزەی ئەورووپا سوودی لێ وەربگرن و دەتوانین بڵێین بۆ چەندین لایەن گرنگە، هەروەها بۆ حکوومەتی تورکیا گرنگە کە دەتوانێت لە ڕووی پلانی گەورەی تورکیا، ڕۆڵی هەبێت لە نێوان وڵاتانی قەفقاز یان ئاسیا بۆ ئەورووپا بتوانێت ڕۆڵەکەی خۆی بەرچاوتر بکات و پەرە بە پلانەکەی خۆی بدات".

لەبارەی داهاتی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان، شەهریار شێخلەر گوتی: "داهاتی نەوتی هەرێم نایەتە ناو هەژماری هەرێم، ئەمە لەلایەن سۆمۆوە و لە ژێر چاودێری حکوومەتی فیدڕاڵییەوە خەرج دەکرێت، بەڵام بەپێی ئەوەی ئەگەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی عێڕاق وەکو بنەمایەک وەربگرین، ئەوا پشکی حکوومەتی هەرێم ساڵانە ١٤ ملیار دۆلار دەبێت و دەتوانێت لە ڕووی ئابووری و دابینبکردنی بوودجە و مووچەوە سەقامگیر بێت، بە تایبەت بوودجەی وەبەرهێنان کە دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت بۆ گەشەی زیاتری هەرێمی کوردستان".

لەبارەی پێدانی دڵنیایی بە کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، پسپۆڕی بواری وزە شەهریار شێخلەر گوتی: "دوای ماوەیەکی زۆر، ئێستا کۆمپانیاکان بە نووسراو دڵنیاییان پێدراوە لەسەر ئەوەی کە دەتوانن مافی خۆیان بۆ هەناردەکردنی ئەو نەوتە وەربگرن، هەروەها میکانزمێک دانراوە کە لەماوەی مانگێک لە هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ وەرگرتنی شایستەداراییەکانی پێشوویان، دەتوانین بڵێین ئەوانیش بەراورد بە جاران، ئێستا بەرچاو ڕوونییەکانیان پێدراوە بۆ ئەوەی شایستەداراییەکانی پێشوویان و مافەکانی ئیستا و داهاتوویان پارێزراوبێت".

ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی سێ مانگە و هیچ ترووسکاییەک بۆ دوای ئەو سێ مانگە دیارنیە، لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ دوای تەواوبوونی ڕێککەوتنەکە، شەهریار شێخلەر گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە، سێ مانگەیە، کاتییە، بەڵام بەرەوپێشەوەچوونێکی زۆر باش بوو، یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت چارەسەر بووە. ڕەنگە لە ڕێگای یاسای بوودجەی ٢٠٢٦ بۆ سێ ساڵی داهاتوو، هەروەها لە ڕێگای ڕەشنووسی یاسای بوودجە کە ڕەنگە لە خوولی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران جێگیر بکرێت، بتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ زامنکردنی مافی لایەنەکان بۆ دیارییکردنی ڕۆڵ و پەیوەندیی نێوان حکوومەتەکان".

بەپێی ڕێککەوتنەکە، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، کە ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیە و ٢٣٠ ھەزار بەرمیلیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێتم بەڵام لە ئێستادا بەھۆی ھێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان لەمیانی ئەمساڵدا ئاستی بەرھەمھێنان کەمبووەتەوە و لە ئێستاشدا ڕۆژانە ١٩٠ ھەزار بەرمیل لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرێت.








بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın