Zana Natık Kerem
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی جەختیان کردەوە لە هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەكان و رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش تاوتوێ کراون و لەوبارەیەوە جەخت کراوەتەوە لە هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تیایدایە لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە.
باسی لەوەشکردووە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق كردووە و گوتوویەتی: "دۆخی ئەمنی عیراق وادەخوازێت، هەموومان هاوكار و هەماهەنگ بین لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و هاووڵاتییانمان".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرۆژەیەكی هاوبەش لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان و زیاتركردنی كردە سەربازییەكان گەڵاڵە كراون و هەردوولا هاوڕابوون كە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت كاری لەپێشینە بێت.