Rewa Mahmood Hasan
19 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن. بۆ ئەومەبەستەش سەردانی یەکێتی و هەموو لایەنەکانی دیکەیش دەکەین. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە گوتی، "دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی قوربانیانی رووداوی ئەو تەقینەوەیەی کە بەهۆی سیستەمی گازەوە لە ماڵێکی گەرەکی کازیوە روویدا و بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی بریندارەکان، سەردانی شاری سلێمانی کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشدارییکردنی لە پرسەکە و بەسەرکردنەوەی بریندارانی رووداوەکە لەکاتی دەرچوونی لە نەخۆشخانەی شار لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی قوربانیان و بەسەرکردنەوەی بریندارانی رووداوەکە هاتووەتە سلێمانی و گوتی: "هاتنمان بۆ سەرەخۆشی بوو لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانەی کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا".
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن رایگەیاند، "پێشتریش من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆم بەجێگەیاندووە و نامەم ناردووە بۆ پەرلەمان کە ئێستا بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە، دەبێت لە ماوەی ئەمساڵەدا هەڵبژاردن بکرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی یەکێتی و پارتییەوە گووتی: "هەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، و سەردانی یەکێتی و گشت لایەنەکان دەکەین".