Arbil
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ کاتژمێری داھاتووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەفر و باران بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە کە ئاسمان ھەور و باراناوییە و لەناوچە سنوورییەکانی ڕۆژھەڵات و سنووری باڵەکایەتی (قەزای چۆمان - پارێزگای هەولێر) ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت، ھەروەھا ئەگەری بارینی کەمێک بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژھەڵات ھەیە، کاریگەری دابارین بەردەوام دەبێت لە گشت ناوچەکاندا.
ئەوەشخراوتەڕوو کە خێرایی با لە نێوان ١٠ – ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، ھاوکات ھەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ھەروەھا پلەکانی گەرما ٤ تا ٦ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزم دەبنەوە.
ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینی بۆ سبەی سێشەممە ئەوەیە کە ئاسمان ھەور و باراناوی دەبێت، لەکاتەکانی بەیانی زوو لەناوچەکانی سنووری ڕۆژھەڵات کاریگەریی زیاتر دەبێت بەشێوەی تاوە باران، پاشان بۆ کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر، ھەروەھا ئەگەری بروسکە لە ناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک ھەیە، ئەگەری بەفربارانیش لەناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەکان ھەیە. پاشان لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەریی دابارین لاواز دەبێت بۆ کاتەکانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە، تەنیا لەناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە نەبێت کە تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، ھەروەھا پلەکانی گەرما ١ تا ٢ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزم دەبنەوە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان زۆرترین بڕی بارانبارین لە شارەدێی دێرەلووک بووە لە پارێزگای دھۆک کە ٨٧ ملیم باران باریووە و تا ئێستاش لە ھەندێک شوێنی ناوچەکە بارانی پچڕپچڕ بەردەوامیی ھەیە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
