Zana Natık Kerem
21 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ھەروەھا رێککارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دواپێشھاتەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوە لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، باس لە رەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تا ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەخرێتە بەرباس و رێکارەکانی خۆپارێزیی لە نەخۆشییەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو.