Heman Hussein Yaseen
19 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان، چەند فەتوایەکی لەسەر دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دەرمانێک لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچووبێت حەڕامە و هەر جۆرە رێککەوتنێکی نێوان پزیشک و دەرمانخانەیشی لەسەر حیسابی نەخۆش حەڕام کردووە.

لە فەتوایەکی چوار خاڵیدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە ھەر پشکنینێک یان دەرماننووسێک بە پێچەوانەی یاساکانی کاری پزیشکی و رێنماییە تەندروستییەکان بێت، حەڕامە، هەروەها دەرمانێک کە لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەرنەچووبێت یان ماوە بەسەرچووبێت ئەوا حەڕامە بدرێت بە نەخۆش یان مامەڵەی پێوە بکرێت یان دەربازی سنوورەکان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ھەر جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان پزیشک و دەرمانخانە و تاقیگەکاندا لەسەر حیسابی نەخۆشەکان ئەنجام بدرێت کارێکی حەڕامە، هەروەها ھەر کەسێک پسپۆڕ نەبێت لە بواری پزیشکی و دەرمانسازیدا حەڕامە خۆی بکات بە پزیشک و دەرماساز، بەو پێیە لە ھەر کاردانەوەیەکی خراپ تاوانبار دەبێت".