04 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2020
ئەنبار - AA
سەرچاوەیەکی سەربازی رایگەیاند کە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش یەکێک لە شوێنەکانی لە بنکەی ئاسمانی حەبانییە سەربە پارێزگای ئەنبار رادەستی سوپای عێراق کردووە.
لەوبارەوە ئەفسەرێک لە سوپای عێراق بە پلەی موقەدەم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:"هێزەکانی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش یەکێک لە شوێنەکانیان لە بنکەی ئاسمانی حەبانییە ٣٠ی کیلۆمەتر رۆژهەڵاتی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار، رادەستی سوپای عێراق کردووە".
ئاشکراشیکرد کە پڕۆسەی رادەستکردنەکە لە رێورەسمێکدا بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک گەورە ئەفسەر لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا تیایدا ئامادەبوون.
ماوەی چەند هەفتەیەکە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەستیکردووە بە چۆڵکردنی بنکەکانیان لە عێراق، هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، چۆڵکردنی ئەو بنکانە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعشە لە عێراق .