Zana Natık Kerem
26 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدات.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ دەست پێ بکات، دانیشتنێکی گرنگە چونکە ئەو قەیرانە چەقبەستووە سیاسییەی کە ماوەی پێنج مانگە بەرەوڕووی ئەو وڵاتە بووەتەوە، یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمە بۆ جاری دووەمە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەوڵدەدات سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، ئەوەیش دوای ئەوەی لە حەوتی شوباتی رابردوودا، بەھۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان، ئەنجوومەنەکە نەیتوانی سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە ھێشتا ناکۆکییەکانی نێوان ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت بەردەوامە و لەبارەی یەکلاییکردنی پۆستی سەرکۆمار و پێکھێنانی حکوومەت نەگەیشتوون بەرێککەوتن.
ماوەی چەند رۆژێکە لایەنەکانی نێو ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان کە ھەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی سەروەریی لەخۆدەگرێت، ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، چونکە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکرێت، ئەوا کۆتایی پرۆسەی سیاسیی و ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت.
لە بەرامبەردا، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی (ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە) رایانگەیاند کە یەک لەسەر سێیان دەستەبەرکردووە بۆ ئەوەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجام نەدرێت.
ھاوکات ھەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان بەفەرمی رایانگەیاندووە کە بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ناکەن.
لای خۆیەوە هاوپەیمانی لە پێناو گەل (نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئیمتداد) ژمارەیەک مەرجی بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، راگەیاندووە لەوانە مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی ھێزەکانی سوپای عێراق هاوتا بکرێت و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە بەغداوە بدرێت، ھەروەھا ھەوڵبدرێت نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبکرێتەوە.
بەپێی ئەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دیاریکردووە، دەبێت لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران کە تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەن ٢٢٠یان ئامادەبن.
ئەوەی چارەنووسی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی دەکاتەوە لەوەی ئەنجام بدرێت یان ئەنجام نەدرێت، پەرلەمانتارە سەربەخۆکانن کە ژمارەیەکیان ھەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە نیشان داوە و رایانگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئامادە دەبن.
بەڵام دوێنێ ھەینی وێنەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراویەوە کە گوایە بەھۆی تێکچوونی تەندروستییان خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و رایانگەیاند کە ناتوانن بەشداری بکەن لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ماوەی چەند رۆژێکە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جیا لە بەغدان ھەریەکیان بەجیا ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆمار دەدەن.
ھەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیە کە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران دوادەخرێت، تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.
٤٠ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندیدکردووە لەنێویاندا کاندیدی ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان، رێبەر ئەحمەد و کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح.
بەپێی نەریتێکی سیاسیی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە کە لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.