ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان: "بۆردومانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار تاوانێکی قێزەوەنە و ئاسایش و سەقامگیری عێراقی کردووەتە ئامانج"
سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی کردووە لەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی بۆردومانەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار ئەنجام بدات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق بۆردومانەکەی سەر حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار بە "تاوانێکی قێزەوەن" لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند کە بۆردومانەکە، ئاسایشی و سەقامگیری عێراقی کردووەتە ئامانج.
فەرماندەییەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە ھێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا و زایۆنیدا، بۆردومانکراون کە بەھۆیەوە و ١٥ چەکدار کوژراون ژمارەیەکی دیکەیش بریندار بوون".
لە ڕاگەیاندراوەكەدا، بۆردومانەکەی سەر حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار بە تاوانێکی قێزەوەن لەقەڵەمدراوە و هاتووە: "بۆردومانەکە، ئاسایشی و سەقامگیری عێراقی کردووەتە ئامانج".
ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی کردووە لەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی بۆردومانەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار ئەنجام بدات.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "ئەم ھێرشە قێزەوەنە لە ئیرادەی ھێزە ئەمنییەکانمان کەم ناکاتەوە، بەڵکو ھێز و توانای زیاتریان پێ دەبەخشێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات".
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە میانی ھێرشێکی ئاسمانییدا، بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆکەی جەنگی ئەمریکاوە بۆردومان کرا.
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا ھەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە ئەنبار، سەعد دوای بعێجی لەگەڵ ١٤ چەکداری حەشد کوژراون.
ھەروەھا بەپێی ئەوەی لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە کە ھەر لەو بۆردومانەدا، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشد لە پارێزگاکە، حەیدەر مەعمووری و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە ئەنبار، واسق فەرتووسی کوژراون.
