Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە باکوور و رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە، دەست پێ کرد.
میدیا عێراقییەکان پشت بەستن بە راگەیەندراوێکی دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاویانکردووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە دوو میحوەرەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگاکانی سەڵاحەددین و دیالە، باکوور و رۆژھەڵاتی عێراق دەست پێ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقەوە دابین کراوە.
ئەویش خراوەتەڕوو کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگاکانی سەڵاحەددین و دیالە.
سەرەڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان داعشیان لە ناوچەکان شکست پێ ھێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر پەلامارەکانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.