Heman Hussein Yaseen
26 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2020
هەولێر - AA
بەمەبەستی جەژنە پیرۆزەکردن لە ستافی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف بە یاوەری بەرپرسی رێکخراوی مانگی سووری تورکیا لە ھەولێر، موراد ئۆزگۆڤەن سەردانی ئۆفیسی ئاژانسی ئانادۆڵویان لە ھەولێر کرد و لە لایەن سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، خەیروڵڵا ساروھان، پێشوازییان لێکرا.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف وێڕای پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان، ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵوی کرد و ھیوای بەردەوامی بۆ خواستن.
لەلای خۆیەوە سەرنووسەری بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، خەیروڵڵا ساروھان، پشتگیری بەرپرسان و رۆشنبیران و میدیاکارانی ھەرێمی کوردستانی بە ھۆکاری بەردەوامبوونی ئاژانسی ئانادۆڵو وەک سەرچاوەیەکی جێی متمانە لە ماوەی رابردوو لەقەڵەمدا و، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پشتیوانییە ھاندەرێکی بەھێزە بۆ زیاتر کارکردن لە پێناو خزمەتكردن بە بواری میدیا لە ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا کە ھەریەکە لە بەڕێوەبەری ھەواڵی بەشی سۆرانی ئاژانسی ئانادۆڵو، فەخرەددین ئیبراھیم و نووسەری ئاژانس ھێمن حوسێن ئامادە بوون، جەخت لە ھەماھەنگی زیاتر و پابەندبوون نێوان ئاژانسی ئانادۆڵو و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایەوە.