Heman Hussein Yaseen
04 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2025
ههولێر - AA
بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) دەروێشانی ڕێبازی قادری ولیانی لە تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز لە قەزای ئاکرێی سەربە پارێزگای دھۆک کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەروێشانی قادری ولیانی کە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانەوە ھاتبوون، دەستیان بە زیکر کردن کرد و بۆنەکەیان بەرز ڕاگرت.
ئەم زیکرکردنە لە تەکیەکاندا، مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە کولتووریی ئیسلامییدا ھەیە.
ڕێبازی قادری ولیانی، ڕێبازێکی سۆفیگەریی ئیسلامییە کە لقێکی تەریقەتی قادرییە، ئەم رێبازە لەسەر دەستی شێخ ئیسماعیل ولیانی دامەزراوە، لەئێستاشدا شێخ وریا بەرزنجی ڕابەری تەریقەتەکەیە و سەرپەرشتی تەواوی موریدانی ولیانی دەکات لە تەواوی جیھان دا و لە قەزای ئاکرێ نیشتەجێیە، ھەروەھا خاوەنی چەندین تەکیەیە لە ناوخۆی ھەرێم و شارەکانی دیکەی عێراق و لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامییش، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین خەلیفەی دەستنیشانکردووە بۆ بەڕێوەبردنی تەکیە و کاروبارەکان و سەرپەرشتییکردنی موریدەکان لە شوێنە جیاوازەکاندا.
ساڵانە لە ١٢ی مانگی ڕەبیعولئەوەل و لە پێشوازی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) لەسەرتاسەری جیھانی ئیسلامی، ڕێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود و بۆنەی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت و لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو ڕۆژە دەکرێتە پشووی فەرمی و، بەم بۆنەیەوەش ئەمساڵ لە عێڕاق و ھەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.