Heman Hussein Yaseen
09 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2022
هەولێر - AA
ئامادەکاری دەکرێت بۆ هێنانەوەی ١٧١ روفاتی ئهنفالكراوهكان بۆ هەرێمی کوردستان کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوری عێراق زیندەبەچاڵ کرابوون.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان راگەیهندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانهوه، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئەرکی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانیانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و دواتریش ھەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی ھەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠٠٦، ھێنانەوەی روفاتی شەھیدەکانی بۆ کوردستان کردووەتە پێشینەی کارەکانی.
وەزارەتەکە راشیگهیاندووه: "لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی ٢٠١٩دا و لەکاتی دۆزینەوەی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریکراوی لەناوچەی تل شێخییه، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وەزارەتمان بەھەماھەنگی دەزگای شەھیدانی عێراق، تیمەکانیان ناردە شوێنی گۆڕەکان و بەشداربوون لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و گواستنەوەی روفاتی ١٧١ شەھیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشکی دادی بەغدا بەمەبەستی ئەنجامدانی شیکاری و گرتنەبەری رێکارە یاسایی و زانستییەکان و دواتر ھێنانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان".
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی کارەکانیان و گەڕاندنەوەی روفاتەکان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون روونکردنەوەی پێویستی داوە و تیاییدا هاتووە: "بەھۆی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بۆ ماوەیەک ئەو کارە دواکەوت و پاش رەوینەوەی ئەو پەتایەش، ئێستا وەزارەتمان بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاری پێویستی ئەنجامداوە بۆ ھێنانەوەی روفاتەکان و، دواتر بەخاکسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و پزیشکی دادی هەولێر، سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقی کردووە و گفتوگۆ لەسەر بابەتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان کراوە.
لە راگهیهندراوهكهدا، رەخنە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا گیراوە کە بە ناوی کەسوکاری قوربانییان نامەیەکیان ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عێراقی کردووە و هاتووه: "جێی داخە ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک بەناوی کەسوکاری قوربانییان، نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی روفاتەکان داوەتە دەزگای شەھیدانی عێراق، گوایه رازی نین بەو رێکارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ ھێنانەوەی روفاتی شەھیدانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و شەھیدانی جینۆسایدکراو و گرفتیان بۆ ئەو پرۆسەیە دروست کرد".
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان راشیگهیاندووه: "بۆ ئەم مەبەستە وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، عهبدوڵا حاجی مەحمود، کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی کردووە و تیایدا گفتوگۆی چڕوپڕ لەو بارەیەوە کراوە، دووپاتیشکراوەتەوە کە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو روفاتانە دەکاتەوە کە ژمارەیان ١٧١ روفاتە و ھەموو ئامادەکاریەکیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و ھەوڵەکانیش بەردەوام دەبێت بۆ ھێنانەوەیان".