Heman Hussein Yaseen
13 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2023
هەولێر - AA
دوای روودانی بوومەلەرزەکەی دووشەممەی رابردوو لە تورکیا، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکاری بۆ لێقەوماوان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
لە چوارچێوەی ئەم ھەڵمەتەدا ئەمڕۆ، ٣٢ بارھەڵگری پێداویستی و کەلوپەل و خۆراک لەلایەن ھەر سێ رێکخراوەکانی خێرخوازیی بەختەوەری، ھانا و رابیتە بەرەو شوێنی بوومەلەرزەکان بەڕێکرا.
لێپرسراوی ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ھاوکارییەکان، ئاسۆ حەمید لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەفتەی رابردوو بوومەلەرزەیەکی بەھێز لە تورکیا و سووریا روویدا و بەداخەوە زیانێکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە، ھەمان رۆژ ھەر سێ رێکخراوی (ھانا، رابیتە و بەختەوەری) کەمپەینێکی گەورەی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاریان راگەیاند و سوپاس بۆ خوا و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کە بەرەکەتیان خستە ھاوکارییەکان و توانرا ٣٢ بارھەڵگر لە ھەموو جۆرەکانی پێداویستی تاک و ماڵ کۆبکرێتەوە جگە لە پارەیەکی باش، بۆیە ئەمڕۆ بەڕێوەین تا ئەو ئەمانەتە بگەیەنینە دەست لێقەوماوان".
ئاسۆ حەمید گوتیشی: "بارەکان بریتیین لە جلوبەرگ، بەتانی، خۆراکێکی زۆر، سۆپا، شیر و پێداویستی منداڵان و ئافرەتان، بەگشتی ھەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ ماڵێک پێویستە ئەوا گەیشتووەتە لای ئێمە و ئێمەش دەیگەیەنینە شوێنی بوومەلەرزەکە".
ئاسۆ حەمید لەبارەی پارەی کۆکراوە گوتی: "پارەکە لەلایەن ھەر سێ رێکخراوەوە کۆدەکرێتەوە، ناتوانم ژمارەیەکی ورد بدەم، بەڵام گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ دەفتەر دۆلار (١٠٠ هەزار دۆلار) و تا ئێستاش پڕۆسەکە بەردەوامە".
بەرەبەیانی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، بوومەلەرزەیەک بەپلەی ٧،٨ پلە تورکیای ھەژاند و بوومەلەرزەکە سووریا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەیشی گرتەوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی ٤،٧ پلە ھەستی پێکرا.
بوومەلەرزەکە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی تورکیا و سووریا بەھۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە ٣٥ ھەزار کەسی تێپەڕکردووە و گەڕان و پشکنینیش بەدوای قوربانییان بەردەوامە.
دوای بوومەلەرزەکەش لە ھەرێمی کوردستان دەست کرا بە راگەیاندنی کەمپەین و ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و یارمەتی بۆ لێقەوماوان و چەندین کاروانی کۆمەک و ھاوکاری گەیەندراوەنەتە شوێنی بوومەلەرزەکە.