Heman Hussein Yaseen
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
شەوی رابردوو لە میانی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە گەڕەکی عەدالەی شاری هەولێر، تەقەکردن روودەدات و بەمهۆیەوە پۆلیسێک دەکوژرێت و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار دەبن کە لەنێویاندا بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار هەیە.
کاتژمێر ١١ی شەوی رابردوو، هێزێکی پۆلیسی بنکەی پۆلیسی بەختیاری بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک دەچنە گەڕەکی عەدالە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات، ئەفسەرەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار دەکات و پێی رادەگەیەنێت کە تۆمەتبار هەوڵی خۆکوشتن دەدات.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری هەولێر، عەقید عزەددین دەگاتە شوێنەکە و لەگەڵ تۆمەتبارەکە دەکەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی خۆکوژی نەکات و دوای چەند خولەکێک تۆمەتبارەکە سێ گوللـە بەڕووی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار دەتەقێنێت و برینداری دەکات و دواتر دەست بە تەقەکردن دەکات و کوڕێکی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری هەولێر، بەناوی پەیوەند عزەددین دەکوژرێت و سێ پۆلیسی دیکە بریندار دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی بەخاکسپاردنی تەرمی پۆلیسەکە، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، لیوا تاریق ئەحمەد لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی عەدالە رایگەیاند کە کاتژمێر ١١ی شەوی رابردوو، بنکەی پۆلیسی بەختیاری چوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک تا کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک ھەر لە ھەوڵی ئەوەدابوون کە تۆمەتبارەکە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام تۆمەتبارەکە هەڕەشەی خۆکوشتنی کردووە، دواتر ئەفسەرەکە بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری هەولێر ئاگادار دەکاتەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشاری هەولێریش، عەقید عزەددین دەگاتە شوێنەکە و لە تۆمەتبارەکە دەچێتە پێش بۆ ئەوەی پەشیمانی بکاتەوە و خۆی بەدەستەوە بدات و بەیەکەوە بە دووری یەک مەتر گفتوگۆ دەکەن، بەڵام دوای چەند خولەکێک تۆمەتبارەکە سێ گولـلە بەڕووی عەقید عزەددین دەتەقێنێت و برینداری دەکات و دواتر کوڕی عەقید عزەددین کە پاسەوانی باوکیەتی دەچێتە ژوورەوە و تۆمەتبارەکە سێ گولـلەش بەڕووی ئەودا دەتەقێنێت و دەستبەجێ گیانلەدەست دەدات و ئیتر تەقە لە پۆلیسەکانی دیکەش دەکات و رادەکات".
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، لیوا تاریق ئەحمەد راشیگەیاند کە رووداوەکەی پێشووتری تۆمەتبارەکە هێندە گەورە نەبووە، پێشتر تەقەی لە دراوسێیەکی خۆی کردووە و سکاڵای لەسەر هەبووە، رەنگە دراوسێکەی لێی خۆشبووایە، بۆیە ئێمە وەکو پۆلیس فەرمانی دادگا جێبەجێ دەکەین و ئێستاش دووبارە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بە دڵنیایییەوە دەستگیردەکرێت.