Rewa Mahmood Hasan
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی لە ماوەکانی پێشوودا لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر کۆبوویەوە و چەند بڕیارێکی نوێی دەکرد، یەکێک لەو بڕیارانە پابەندبوونی هاووڵاتییان بوو بە بەستنی دەمامک و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنیاندا بە ٢٠ هەزار بەپیادە و لەناو ئۆتۆمبێلیشدا بە ٥٠ هەزار سزا دەدرێت.
ئەم بڕیارەی حکوومەت کاردانەوەی لەنێو چینە جیاجیاکانی هاووڵاتییاندا دروست کرد و بەتایبەتیش لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەشێوی نایەوە.
هەندێک لە هاووڵاتییان لە هەژماری خۆیان نووسیویانە کە ئەوان بەهیچ جۆرێک پابەندی بەستنی دەمامک نابن لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا و ئەو بڕیارەشیان تەنها بە هەوڵێکی حکوومەت و وەزارەتی پەیوەندیدار لەقەڵەم دا بۆ کۆکردنەوەی پارە.
لەبەرامبەردا هەندێک لە هاووڵاتییان بەشێک لە بڕیارەکە بە پەسەند دەزانن بۆ پاراستنی کەس و خێزانەکان لە پەتای کۆرۆنا.
ئاژانسی ئانادۆڵو مایکی بۆ هاووڵاتییانی شاری سلێمانی درێژ کرد و چەند وەڵامێک و تێبینیەکی دەست کەوت.
دەرباز عەبدوڵڵا کە پیشەی ئەندازیارە و تەمەنی ٤٠ ساڵە، باس لە زەرووڕەتی بەستنی ماسک دەکات لە شوێنە قەرەباڵغەکان و پەیامیشی بۆ ئەو کەسانەی کە گوێنادەن بە رێنماییەکانی حکوومەت بە بەهانی جیاواز، ئەوەیە کە زۆر بەتوندی خۆپارێزی بۆ خود پەیڕەو بکەن و دەڵێت ''راستییەکەی هەموومان دەزانین کە کۆرۆنا بابەتێکی جیهانییە و تا ئێستا هیچ چارەسەرەکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، باشترین شتیش خۆپارێزییە، بەڵام من یەک ئامۆژگارییم هەیە بۆ هاووڵاتییان، پرسی خۆپارێزی جیابکرێتەوە لە گەندەڵی، ئەمە بۆ پاراستنی گیانی خۆمانە، نابێت ئەم دوو پرسە تێکەڵ بکرێن".
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئەو وەک خۆی، هەموو کات پابەندە بە رێنماییەکان بەتایبەت بەستنی ماسک و گوتی: ''مرۆڤ خۆی دەزانێت لە کوێدا پێویستە ماسک ببەستیت و ئەگەر بێزاریشی کردی لە کوێی دیکەدا لایبەریت، بۆ نموونە کاتێک دەچینە بازاڕ، هەموو ئەو کەسانەی لێتەوە دوورن تەنها نیو مەتر یان نزیکترن لێتەوە، بۆیە بەستنی دەمامک لەو کاتەدا پێویستییەکە و نابێت فەرامۆش بکرێت، یان لە شوێنە داخراوەکان یان چایخانە و گازینۆکان، بەڵام لە شوێنە کراوەکاندا من بە پێویستی نازانم ماسک ببەسترێت کاتێک مەودای دووری پارێزرابوو، چونکە زانستیش پێمان دەڵێت بەردەوامی بەستنی ماسک دیسانەوە خراپی خۆی هەیە".
دەریا عەبدوڵڵا مامۆستای فیزیا ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک کەس هەن لە دژی حکوومەت دەوەستنەوە و دەمامک ناکەن کە ئەوەش زیان بەخۆیان دەگەیەنێت نەوەک حکوومەت و دەڵێت ''لە کوردستان هاوشێوەی جیهان بەتایبەت لەم دواییانەدا پەتای کۆرۆنا زیاتر بەربڵاوە، بۆیە واباشترە لە شوێنە داخراوەکان و قەرەباڵغەکاندا دەمامک ببەسترێت، بەڵام بەڕای من لە شوێنی چۆڵ یان ناو ئۆتۆمبێل پێویست بە بەستنی دەمامک ناکات، تەنها ئەوەی مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزیت، ئەمە قورس نییە ئەگەر هەموومان پابەند بین پێوەی، ئەوەی حکوومەت بڕیاری لەسەر داوە، من ناڵێم لە هەموو شوێنێک پشتی ملی هەر کەسێک بگریت کە دەمامکی نەکردووە، بەڵکو ئەو شوێنانەی قەرەباڵغن پێویستە لێپێچینەوە هەبێت".
ناوبراو بەرامبەر ئەو کەسانەی دەمامک بەکارناهێنن و پابەند نابن بە رێنماییەکانەوە دەریا عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانە سێ جۆرە کەسن، یەکێکیان ئەوانەن کە نەخۆشیەکەیان گرتووە و چاکبوونەتەوە و بە پێویستی نازانن دەمامک بکەن، هەندێکیان هەن تەنها لە رقی حکوومەت بەرامبەر ئەوەی کە گەندەڵی هەیە، ئەوانیش وەک کاردانەوەیەک متمانەیان بە هیچ بڕیارێکی حکوومەت نەماوە و پابەندی رێنمایی و بڕیارەکانیش نابن، هەیە خۆی ئیهمالە و گوێنادات بە خۆپارێزی، بۆیە داوا دەکەم هەموومان خودپارێزی پەیڕەو بکەین بۆ پاراستنی خۆمان و کەسوکارمان.