Rawan Subhi Obaiullah
28 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2024
دهۆك - AA
لەپێناو پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و برەودان بە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، سێیەمین ڤێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك بەڕێوەدەچێت.
ڕێكخەری سێیەمین ڤیستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە شاری دهۆك سیهام بەرواری لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چەند ڕۆژێكە لە گۆڕەپانی تەلەفریكی دهۆك، سێیەمین ڤێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك كراوەتەوە كە ئامانجی ئەم فێستیڤاڵە، ڕاكێشانی گەشتیارانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شاری دهۆک، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر سەردانیکار ڕووی تێدەکەن. ئەم ڤێستیڤاڵە تایبەتە بە سەڕی ساڵەوە، كە کۆمەڵێک کۆمپانیا ئۆفەری تایبەت و داشکاندن پێشکەشی سەردانیکاران دەکەن كە دەكاتە نزیكەی سەدای ٣٠ و سوودێكی زۆر بۆ كەسانی هەژار و دەستكورت هەیە".
ڕۆژی شەممە ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە سەرپەرشتی عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و سەروەر کمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سێیەمین ڤێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك كرایەوە.
نوێنەری كۆمپانییەكی بەشدار لە سێیەمین ڤێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك بە ناوی كاركەر خەلیل لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆرینەی وڵاتان لە هەموو سەرساڵێکی نوێ ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ هاووڵاتییانیان ڕێک دەخەن و سوودێکی زۆریان هەیە، چونكە ئەم ماوەیە پشووی سەڕی ساڵە هاووڵاتیان زیاتر دەلیڤەیان هەیە سەردانمان بكەن، ئێمە لە ڕێی ئەم ڤێستیڤاڵە دەمانەوێت بەرهەمی كۆمپانیایەكەمان بە خەڵك ئاشنا بكەین".
سێیەمین ڤێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، واتا لە ڕۆژانی ٢١ تا ٣١ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.
كچێك بە ناوی نورا هەركی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێت ئەم جۆرە ڤێستیڤاڵانە لە هەموو وەرزێك بكرێنەوە. ئەم جۆرە ڤێستیڤاڵانە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی پارێزگای دهۆک لێكنێزیك دەكاتەوە و بەرهەمی کۆمپانیاکان نیشان دەدات كە پێشتر ئێمە ئاشنای زۆرێك لە بەرهەمەكانیان نەبووین".