Zana Natık Kerem
28 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2024
ھەولێر ــ AA
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان-عێراق، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز کردنەوەی نووسینگەی بزووتنەوەکەیانی لە دیمەشق پایتەختی سووریا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا، ئومێد دەکەن لە قۆناغی نوێ لە سووریا، دەستوورێک بنووسرێتەوە کە سەرجەم کێشەکان لەو وڵاتە چارەسەر بکات.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە گوتەیەکدا کە لە میانی چالاکییەکدا لە شاری سلێمانی لە بەردەم لایەنگرانی بزووتنەکەی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێشکەشی کرد، باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریای کرد.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی ڕایگەیاند: "دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، ئێستا تێگەیشتنێکی باشتر بۆ دۆخەکە لە سووریا ھەیە، بەو پێیەی فرەنەتەوە، ئازادی و مافی کەمینەکان دەپارێزرێت، ھەروەھا بەو شێوەی ئیسلام دەوێت مامەڵە لەگەڵ پرسی ژن دەکرێت، ئەمەش نموونەیەکی جوانی بزووتنەوە ئیسلامییەکانە، ھەروەھا دەسەڵاتی نوێ لە سووریا دەتوانێت خۆی لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتییدا بگونجێنێت".
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتیشی: "نووسینگەی خۆمان لە دیمەشق پایتەختی سووریا کردووەتەوە".
هەروەها عەبدولعەزیز، ئومێدی خواست کە لە قۆناغی نوێ لە سووریا، دەستوورێک بنووسرێتەوە کە سەرجەم کێشەکان لەو وڵاتە چارەسەر بکات.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی باسی لەوەش کرد، بەھۆی ئەو شۆڕشە جەماوەرییەی کە لە سووریا ئەنجامدرا، توانرا ڕژێمێکی مافیایی بڕوخێندرێت کە لە ساڵی ٢٠١١وە بە سەدان ھەزاری کەسی کوشتووە، لە کۆتاییدا ئەو ڕژێمە دڕەندییە لە سووریا کۆتایی پێ ھات و ڕووخا و ئێستا سیستەمێکی باش لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت.
ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتیشی: "ئاواتە خوازین بە باشی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەی ڕۆژھەڵات ناوەڕاستدا بکەین".