Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
بڕیارە سبەی ھەینی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان نۆیەھەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری ھەولێر ببەستێت.
کۆنگرەکە بە بەشداری زیاتر لە ٨٠٠ ئەندام بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەدوای ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، یەکگرتووی ئیسلامیی ھەنگاوی بەرەو ئەنجامدانی نۆیەھەمین کۆنگرەی خۆی نا و بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەژێر ناونیشانی (بەرەو ئایندەیەکی گەشتر) کۆنفرانسی بازنەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە بەڕێوەچوو.
لەکۆنفرانسەکەدا ئەندامانی ھەڵبژێردراوی سنووری مەڵبەندەکان گفتوگۆ و پێداچوونەوەیان لەسەر ڕەشنووسی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمینداری گشتی ئەو حزبە تەنیا دەتوانێت دوو خول خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکات و بەم پێیەش، ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆ ھەموار نەکرێتەوە، ئەوا ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەدین بەھائەدین ناتوانێت خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکاتەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شوباتی ١٩٩٤ دەمەزراوە و تا ئێستا ھەشت کۆنگرەی ئەنجامداوە و لە خوولی شەشەمی پەرلەمانیش ٧ کورسی پەرلەمانیی بەدەستھێنا و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی لە حکوومەتی ھەرێم ڕاگەیاندووە.