شیکاریی.. گۆڕانکارییە دینامیکییەکان بەرلە کۆبوونەوەی بایدن و پۆتین
Istanbul
شیکاریی - پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵدا بەڕێوەبچێت، رۆژنامەنووس مەهمەت ئا. کانجی بۆ مێزی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتە جێناکۆکەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کرد.
***
پێش کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢١، ئامادەکاریی دەکرێت بۆ خولی دووەمی گفتوگۆکانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیای فیدراڵ، ڤلادیمیر پوتین لە سێبەری ئەو تەحەدا جیۆپۆلۆتیکە نوێیەی ئابووریی جیهانی و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هێناویانەتە ئاراوە. لە کاتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە کە هێشتا وادەکەی دیار نییە لە نزیکبوونەوەدایە، هەلومەرجەکان بە بەراورد بە یەکەم کۆبوونەوە کە لە ١٦ی حوزەیراندا لە جنێڤ بەڕێوەچوو کەمتر جێی ئومێدە.
- لە ماوەی پێنج مانگدا، هەوری رەش باڵی بەسەر پەیوەندییەکاندا کێشاوە
گەورەترین جیاوازی لەنێوان یەکەم کۆبوونەوە و دووەم کۆبوونەوە ئەوەیە کە دووەم کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان لایەنەکان رووبەڕوو نییە، بەڵکو لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دەبێت. لە یەکەم کۆبوونەوەدا بابەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە جێگیریی ستراتیجیی، کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی، سیاسەتی هاوبەش دژبە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی فیدیە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا لە بازنەی ئەو گوشارەی لە ئۆپۆزسیۆن دەکرێت و بەردەوامی پێکدادانەکانی سەر سنووری خۆرهەڵاتی ئۆکراینا. لە ماوەیەکی کەمی وەک پێنج مانگدا، گرنگیی و بایەخی بەشێک لەو بابەتانە نەمان و هەندێکیشیان ناوەڕۆکیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناونیشانی نوێ بوونەتە جێی باس.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی دووەمی چاوەڕوانکراوی نێوان سەرکردەکاندا، بابەتەکانی وەک رێوشوێنەکانی رووسیا دژبە پێشڕەوییەکانی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات، هێزی ١٠٠ هەزار سەربازیی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا، زیادبوونی چالاکییەکانی ناتۆ لە دەریای رەش، هەڕەشەکانی سەر ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا لەڕێگەی بێلاڕووسەوە بە بەکارهێنانی کۆچبەران، ئەو هەڕەشەیەی مووشەکی هایپەرسۆنیک دروستی کردووە، تاقیکردنەوەکانی رووسیا لە خولگەی هەسارەی زەوی و سیستمەکانی چەکی دژە مانگی دەستکرد، بڕیاری رووسیا بۆ دروستکردنی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی S-550 کە هێشتا ناوەڕۆکەکەی بەتەواوی نازانرێت و بنیاتنانی هاوپەیمانی سەربازیی لەنێوان رووسیا و چین ببنە بابەتی سەرەکی.
- دوای كۆبوونه‌وه‌کەی جنێڤ رووسیا گرژییه‌كانی ته‌شه‌نه پێ دا
پێشهاته‌كانی دوای كۆبوونه‌وه‌ی جنێڤ له ١٦ی حوزه‌یرانی رابردوودا، ده‌ری خست کە كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می نێوان بایدن و پوتین بۆ ئه‌وه بووه نیازی یه‌كتر بزانن، ته‌واوی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی دواتریش نران بوونه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی به مه‌به‌ست بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سنووره‌كان. ڤلادیمیر پوتین هه‌ر دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مانگی ته‌مووز له گوتارێكدا به داكۆكیكردن له‌وه‌ی كه "هاووڵاتییانی رووسیا و ئۆكراینا له یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن" هه‌ڵوێستی پێداگیرانه‌ی مۆسكۆی نیشان دا له‌به‌رامبه‌ر پێشڕه‌وییه‌كانی ناتۆ بۆ رۆژهه‌ڵات. له دوای پوتین ئه‌مجاره سه‌رۆكی پێشوو و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی رووسیا و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا، دیمیتری مێدڤێدیڤ له گوتارێكدا كه له تشرینی دووه‌مدا له رۆژنامه‌ی Kommersantدا بڵاو كرایه‌وه، ئۆكراینای به "وڵاتێكی لاوازی سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا" وه‌سف كرد و به به ئامانجگرتنی سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی نووسیوویه‌تی "ئێمه ناتوانین رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی وابه‌سته‌دا بكه‌ین".
له میانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانی زیركۆن كه نۆ هێنده‌ی ده‌نگی هێزه ده‌ریاییه‌كانی رووسیا خێرایه، تێكشاندنی مانگی ده‌ستكردی سۆڤییه‌تی جاران له خوڵگەی هەسارەی زه‌وی به چه‌كی ASAT، راگه‌یاندنی ده‌ستكردنه‌وه به به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌كه‌كانی S-550 بوونه هه‌نگاوی دیكه‌ی ئه‌م جه‌نگه ده‌روونییه‌ی ئه‌مریكای پێ تاقی ده‌كرێته‌وه.
مووشه‌كه‌كانی S-550 جگه له‌وه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی نێوان هێزه باڵاكان كۆنترۆڵ ده‌كات، وه‌ك هه‌نگاوێكی نوێ لێك ده‌درێته‌وه بۆ بۆشایی ئاسمان وه‌ك كارتێك له‌به‌رامبه‌ر چه‌كی ئه‌تۆمیدا، به‌ڵام پێشهاته‌كان هه‌ر به‌وانه‌وه نه‌وه‌ستان.
به‌كارهێنانی شه‌پۆلی كۆچی به‌كۆمه‌ڵ له رێگای بێلاڕووس و ره‌وانه‌كردنی ١٠٠ هه‌زار سه‌رباز بۆسه‌ر سنووری ئۆكراینا، له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكاوه بێ وه‌ڵام نه‌بوو، ئه‌مریكا له كاتێكدا ٨٠ تۆن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ئۆكراینا ره‌وانه كرد، بێلاڕووس دووچاری سزای نوێ بووه‌وه. له قۆناغێكدا ده‌ژین كه لایه‌نه‌كان هه‌ر رۆژه و هه‌ڵمه‌تی دیكه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن كه ده‌گاته ئاستی گوشار خستنه سه‌ر دۆخی ده‌روونی یه‌كتر. رووسیا له یەکی تشرینی دووه‌م كاركردنی نوێنه‌رایه‌تی هه‌میشه‌یی خۆی له ناتۆ هه‌ڵپه‌سارد و نووسینگه‌كه‌ی خۆی داخست و رایگه‌یاند له ٣٠ی كانوونی دووه‌میش ٢٧ دیپلۆماتكاری دیكه‌ی رووسیا ئه‌مریكا جێ ده‌هێڵن، به‌مانه‌یش كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات هێنده‌ی دیكه قوڵتر بوونه‌وه و وه‌ك كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوانیان لێك ده‌درێته‌وه.
- هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازیی له‌نێوان رووسیا و چین زیاتر ده‌بێت
هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی بایدن و تیمه‌كه‌ی به‌رله كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه، رێككه‌وتننامه‌ی نێوان وه‌زیرانی به‌رگریی رووسیا و چین ده‌بێت له‌باره‌ی پێشخستنی هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازییه‌كانیان، ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی وه‌زیری به‌رگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین، وه‌ی فێنگ واژوویان له‌سه‌ر كردووه، پێشنیاز ده‌كات له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا "له‌گه‌ڵ مانۆڕه ستراتیجییه‌كاندا كارمه‌ندانی سوپای هه‌ردوو وڵات چالاكییه‌كانی ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شیش زیاد بكه‌ن". سێرگی شۆیگو به راشكاوی رایگه‌یاند، ئامانج له‌و رێككه‌وتننامه‌یه وه‌ك رێوشوێنێك وایه بۆ بەرگرتن له چالاكییه چڕبووه‌كانی هێزه ئاسمانییه ستراتیجییه‌كانی ئه‌مریكا له نزیك سنووری رووسیا كه خاوه‌ن توانای هه‌ڵگرتنی چه‌كی ئه‌تۆمییه. به‌پێی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی رووسیا و چین له ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٥ هێزه ئاسمانی و ده‌ریاییه‌كانی سوپای میللی چین و سوپای رووسیا كه خاوه‌ن توانای ئه‌تۆمین له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای چین، ده‌ریای ژاپۆن و ناوچه‌ی هیندی و پاسیفیك زیاتر ده‌بیندرێن.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ١٥ی تشرینی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و هاوتا چینییەکەی، شی جین پینگ کە لەڕێی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، نیشاندەری ئەوەیە کە "هەردوو وڵات لەسەر ئەو بابەتانە رێککەوتوون کە پێشتر لەسەریان ناکۆک بوون". هەنگاوەکانی چین لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە هیواکان بە کۆبوونەوەی پۆتین و بایدن لاواز دەکات.
ئەم دیمەنەی نێوان ئەو سێ وڵاتە زلهێزە ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکا دەیەوێت لەڕێی ناتۆوە و بە بەکارهێنانی ئۆکراینا، بەشێوەیەکی نەرمونیان فشار بخاتە سەر رووسیا. لە هەمان کاتیش‌دا بەبەکارهێنانی تایوان، بەردەوامە لە فشار خستنە سەر چین.
- ئەمریکا بەدەستی خۆی نموونە هزرییە (Paradigma)کانی گۆڕی
لە ناوەڕۆکی رکابەرییەکانی نێوان هەرسێ وڵات‌دا، خواستی ئەمریکا هەیە بۆ تێکشاکاندنی ئەو پارادایمانەی کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لەگەڵ هەردوو رکابەرەکەی، دروستی کردبوون. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ریچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٢دا، سەردانێکی بۆ چین ئەنجام دا و دوای ئەم سەردانەش لە روانگەی چینەوە جەنگی سارد کۆتایی هات. لەڕێی ئەم سەردانەوە ئەمریکا کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ هەرێمی تایوان هێنا و قۆناغی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێ کرد کە چینی گەیاند بە ئەندامێتی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم هەوڵەی نیکسۆن ناکۆکییەکانی نێوان چین و یەکێتیی سۆڤییەتی کرد بە شتێکی فەرمی و بووە هۆی ئەوەی مۆسکۆ بەتەنها بمێنێتەوە. رەهەندی ئەمریکا-یەکێتیی سۆڤییەت لەم بابەتەشدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤییەت، میخائیل گۆربەچۆف لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەیمس بەیکەر و سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا، هڵموت کۆڵ لە ٩-١٠ی شوباتی ١٩٩٠دا. بە گوتەی گۆربەچۆڤ و کۆشکی کرملین لەم کۆبوونەوانەدا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بەڵێنیان پێداون کە ناتۆ بەرەو وڵاتانی رۆژهەڵات پەل ناکێشێت، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەندامێتی چیک، پۆڵەندا و هەنگاریا لە ناتۆدا پەسەند کرا، چیتر بانگەشەکانی گۆربەچۆڤ لەم بارەیەوە گرنگییان نەمان. وەڵامی کرملین بۆ ئەم هەڵمەتەش بریتی بوو لەوەی لە مانگی ئابی ١٩٩٩دا، ڤلادیمیر پوتین کە تا ئەوکات بەڕێوبەری ئاسایشی فیدراڵی بوو، ببێتە سەرۆکوەزیران، لە کۆتایی هەمان ساڵیش‌دا و دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە ناکاوی سەرۆکی ئەوکاتی رووسیا، بۆریس یەلتسین، پوتین بووە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەمشێوەیە ئەمریکا لە هەردوو بەرەکەدا، ئەو پارادایمانەی تێکشکاندوە کە دەبنە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد. لەئێستاشدا کە جیهان رووبەڕووی قەیرانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، قەیرانی وزە و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بووەتەوە، بەردەوام لە قەیرانێکەوە دەچێت بۆ قیرانێکی دیکە. گەشبینانەترین چاوەڕوانیش لە کۆبوونەوەکەی پۆتین و بایدن کە تا ئێستا بەرواری سازدانی دیاریی نەکراوە، بریتییە لە دیارییکردنی یاساکانی جەنگێکی ساردی نوێ، چونکە ئاشکرایە ئەو دوو سەرۆکە ناگەنە هیچ رێککەوتنێک.
رۆژنامەنووس: مەهمەت. ئا. کانجی- لێکۆڵەر لە بواری سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا