Sangar Hamad Azeez
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
بەرلین - AA
سیستەمی ناوبژیوانی یاریدەدەری ڤیدیۆیی (VAR) کە لەسەرەتایی ئەم وەرزەوە لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیا پەیڕەو دەکرێت. بووەتە جێی گفتوگۆ و نیگەرانی یانەکان.
بە گوێرەی هەواڵی میدیا ئەڵمانییەکان، بەهۆی بوونی کێشە لە پەیوەندی نێوان ناوبژیوانی ناویاریگا و سیستەمی ناوبژیوانی یاریدەدەری ڤیدیۆیی (VAR)، فشارێکی زۆر لەسەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا دروست بووە.
یانەکانی بۆندسلیگا رەخنە لە سیستەمەکە دەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبژیوانی ناو یاریگا دروست کردووە، بە تایبەتی لە دووهەفتەی رابردوو کە چەندین کێشە دروست بوو لە یارییەکان.
لە یاری هەفتەی رابردووی نێوان یانەکانی شاڵکە و فرایبۆرگ کە ناوبژیوان دووجار داوای یارمەتی سیستەمی ڤیدیۆیی کرد کە لەلایەن ناوبژیوان هێڵموت کروگ کاری پێ دەکرا و هەردوو جار لە دژی یانەی شاڵکە بوو کە ئەمەش پشێوی تێکەوتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کروگ تۆمەتەکانی رەتکردەوە، بەڵام لە کارەکەی دورخرایەوە و لە شوێنی ئەو لوتس مایکڵ دانرا و لەمەودوا بەرپرسی ئەو سیستەمە لە خولەکە دەبێت.
هەر سەبارەت بە بابەتەکەش ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئەڵمانی بێرند هەیمان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بوونی سیستەمی ڤار ناوبژیوانانی ناو یاریگا بڕیارەکان بە جدی نادەن وگوتیشی کە ئەم کارە تام و چێژی یارییەکانی کەم کردۆتەوە.