Salim Xemexan
05 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
هەڵەبجە - AA
سیروان عومەری تەمەن 42 ساڵ، كە لەناو خەڵكیدا بە سیروان زیرەك ناسراوە، رۆژانەی خۆی لەناو تۆمارگەكەیدا كە دەكەوێتە بازاڕی هەڵەبجە، بەسەر دەبات، ئەو دەڵێت "لەبەر خۆشەویستیم بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەك و نزیكی دەنگم لە دەنگی ئەو هونەرمەندەوە كە گۆرانیەكانی دەڵێمەوە، لەناو خەڵكیدا بە سیروان زیرەك بانگ دەكرێم".
سیروان ماوەی سی ساڵە خەریكی كۆكردنەوەی گۆرانیەكانی حەسەن زیرەكە، ئەوەش وەك خۆی دەڵێت بە هۆی بوونی دەنگ و گۆرانیەكانی حەسەن زیرەك لە ماڵی ئەواندا كاتێك ئەو تەمەنی چوار ساڵ بووە، لە پاڵ بوونی دەنگی هونەرمەند لە تەلەڤیزیۆنی كەركووك لەگەڵ دیمەنی سروشتیدا ئاشنایەتی تەواوی بەو هونەرمەندە پەیدا كردووە و لە ئاهەنگی قوتابخانەكاندا گۆرانیەكانی حەسەن زیرەكی گووتەوەتەوە.
دەربارەی ئارەزووی بۆ كۆكردنەوە و ئەرشیڤكردنی گۆرانیەكانی حەسەن زیرەك گوتی: "ئەو كاتەی منداڵ بووم چەند كاسێكتێكی دەنگی حەسەن زیرەكمان هەبوو، بۆیە ئارەزووم ئەوە بوو ژمارەی كاسێتەكانی زیاتر بكەم و لەگەڵ كاسێتەكانیشی هەر وێنەیەكیم دەستكەوتایە هەڵمدەگرت و دەمپاراست، ئەم ئارەزووەم بەردەوامیی هەبوو لە هەڵەبجە تا ساڵی 1991، كە چوومە هەولێر و كەركووك و سلێمانی بە دوای گۆرانی و وێنەكانیدا گەڕام و ئەو گۆرانیانەی نەمبوو دەستم دەخستن، لە پاڵ گەڕان لە تۆمارگاكان، دەگەڕام بە شوێن ئەو گۆرانی و كاسێتانەی زیرەكدا كە لە ماڵان تۆماركرابوون، كەسێك بیگوتایە لای فڵان كەس گۆرانیەكی وای حەسەن زیرەكم بیستووە كۆڵم نەدەدا تا دەستم دەكەوت"
ساڵی 2009 سیروان زیرەك برەوی زیاتر بە خولیاكەی دەدات و لە پاڵ كۆكردنەوە و ئەرشیڤكردنی بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك تۆمارگەیەك بە ناوی تۆمارگەی زیرەك دەكاتەوە، تا خولیاكەی بكاتە خزمەتێك بۆ هەوادارانی هونەری كوردی و بە هۆیەوە گوزەرانی خۆی و خێزانەكەشی دابین بكات، ئیتر لە پاڵ دەنگی هونەرمەند حەسەن زیرەكدا تۆمارگاكەی دەبێتە ناوەندێك بۆ دەنگە رەسەنە كوردیەكان و هەموو هونەرمەندان لەخۆی كۆدەكاتەوە.
سیروان زیرەك دەربارەی بەرهەمەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك گوتی: "وەك زۆربەی خەڵكی و سەرچاوە جیاجیاكان و هاوتەمەن و ژەنیارەكانی باسی دەكەن تێكڕای بەرهەمەكانی هەزار و 20 گۆرانین كە دەتوانین بڵێین بە چوار شێواز تۆمار كراون. لە سەرەتای هونەریی خۆیدا لە ئێزگەی رادیۆی كوردی بەغداوە دەستی پێكردووە و پاشان گەڕاوەتەوە ئێران و لە ساڵی 1958 لە ئێزگەی كوردی تاران گۆرانی تۆماركردووە و دواتریش لە ساڵی 1963وە لە ئێزگەی كوردی كرماشان و كۆتا شێوازی گۆرانی گوتنی بووە لە دانیشتنی ماڵاندا هەم لە عێراق و هەم لە ئێران، ئەمە جگە لە گۆرانی لە رادیۆكانی تری وەكو كەركووك و مەهاباد و قەسری شیرین لە كۆی هەموو ئەو گۆرانیانەی مامۆستا زیرەك من 840 گۆرانی ئەو هونەرمەندەم كۆكردووەتەوە، كە هەم لەسەر بەكرە و هەم لەسەر كاسێت و لەسەر سیدی و دیڤیدی پاراستونم".
ئەو دەربارەی سەرلەنوێ رێكخستنەوە و كۆكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە گۆرانیە و جارێكی تر بڵاوكردنەوەیان بە كوالیتی بەرز پێی وایە ئەوە "كاری دامەزراوەی گەورەی تایبەتمەندە بەم بوارە كە هەموو گۆرانیەكان یەك بخات و بكرێنە MP3 و سەرلەنوێ بڵاو بكرێنەوە، بۆ نموونە ئەنستیتیوتی كەلەپووری كوردی كە بۆ كسێكیشیان بۆ ئەو هونەرمەندە كرد كە نزیكەی 50 گۆرانی هونەرمەندی تێدایە، بۆیە ئەوە كارێكی گەورەیە و لە توانای كەسێكدا نییە بە تەنها، دەبێت بوودجەیەكی گەورەی بۆ تەرخان بكرێت".
ئەو سەبارەت بە ئەرشیڤە تایبەتیەكەی بۆ دەنگی هونەرمەند حەسەن زیرەك گوتی: "ئەرشیڤەكەم 174 كاسێتی دەنگی و 74 بەكرەی گەورە و 108 وێنەی جۆراوجۆرە لەگەڵ 18 كتێبی جۆراوجۆر كە لەسەر هونەرمەند نەسراون و بڵاوكراونەتەوە، كە كتێبی چاپی ساڵی 1966ی تارانی تێدایە كە خۆی زیندوو بووە و لە لایەن میدیا زەندیەوە ئامادە و چاپكراوە كە ناوی ژەنیارەكانی و ژیاننامەی حەسەن زیرەكی تێدایە كە خۆی بە هۆنراوە دایناوە و میدیا خان نووسیویەتیەوە، لەو كتێبەوە هەمە تا دەگاتە كتێبی چاپی حەفتاكان و هەشتاكان و نەوەدەكان كە كۆمكردوونەتەوە".
دەربارەی تۆماركەرە تایبەتیەكەی حەسەن زیرەكیش، سیروان زیرەك گوتی: "ئەو تۆماركەرە تایبەتیەی حەسەن زیرەك كە پاراستوومە، تۆماركەرێكی گرۆندیكی تیكە چلی ئەڵمانیە كە لە ساڵانی شەستەكاندا لە لایەن هونەرمەند خۆیەوە بەكارهاتووە، چۆنیەتی دەستكەوتنی ئەم تۆماركەرەش باسێكی تایبەتە كە ئەو كاتەی لە ساڵی 1988دا هەڵەبجەییەكان ئاوارەی ئێران بوون، دۆستێكی هەڵەبجەییم 80 بەكرەی گۆرانیەكانی حەسەن زیرەكی پاراستبوو بردبوویە وڵاتی ئێران لەگەڵ خۆی، دوای یەكتر ناسینی دۆستەكەم لەگەڵ حسەینی برای هونەرمەند حەسەن زیرەك، حسەینی برای زیرەك وەك وەفایەك بەرامبەر بەو دۆستە هەڵەبجەییەی كە هێندە عاشقی دەنگی زیرەك بووە و لە ئاوارەییدا و لەژێر كیمیاباراندا 80 بەكرەی گۆرانیەكانی پاراستبوو، ئەو تۆماركەرە تایبەتیەی زیرەكی پێشكەش كردووە، بە مەرجی پاراستنی و نەفرۆشتنی، ئەو دۆستەش كە ئەم تۆماركەرەی پێشكەشی من كردووە بە هەمان مەرج پێیداوم، كە ئەگەر ویستمان بیفرۆشین دەبێت بیدەینەوە بەحسەینی برای حەسەن زیرەك، بۆیە منیش لە ساڵی 1994ەوە پاراستوومە و یەكێكە لە شانازیەكانم".