Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
مێڵبۆرن- AA
لەمیانی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی تێنسی کراوەی ئوستڕاڵیادا یاریزانی کرواتی، میریانا لیوسیس-بارۆنی دوای بردنەوەی لە یاریزانی چیکی، کارۆلینا پلیسکۆڤا توانی خۆی بگەیەنێتە یاری نیوەی کۆتایی و لەو یارییەدا رووبەڕووی یاریزانی ئەمریکی، سێرێنا ویلیامز دەبێتەوە.
لە چوارچێوەی یارییەکانی چارەکی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی کراوەی ئوستڕاڵیادا بۆ ژنان کە لە شاری مێڵبۆرن سازدەکرێت، یاریزانی چیکی، کارۆلینا پلیسکۆڤا و خاوەنی ریزبەندی ژمارە 5 لەسەر ئاستی جیهان، رووبەڕووی یاریزانی کرواتی خاوەنی 79یەمین ریزبەندی جیهان، میریانا لیوسیس-بارۆنی بوویەوە.
سەرەتا لیوسیس-بارۆنی توانی کۆمەڵەی یەکەم بەئەنجامی 6-4 بباتەوە، بەڵام کۆمەڵەی دووەمی بەئەنجامی 3-6 دۆڕاند، جارێکی دیکە و بەهەمان ئەنجامی کۆمەڵەی یەکەم لیوسیس-بارۆنی توانی کۆمەڵەی سێیەم لە پلیسکۆڤا بەرێتەوە و بەو شێوەیەش ئەنجامی یارییەکە بەدوو کۆمەڵە بەرامبەر بەیەک کۆمەڵە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت و بگاتە یاری نیوەی کۆتایی پاڵەوانیەتەکە.
هاوکات یاریزانی ئەمریکی، سێرێنا ویلیامز و یاریزانی بەریتانی، جۆهانا کۆنتا لە یارییەکی دیکەی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
ویلیامز توانی یارییەکە بەدوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە کۆنتا بەرێتەوە و بەو شێوەیەش لە یاریی نیوەی کۆتاییدا کە بڕیارە رۆژی هەینی ئەنجامبدرێت، رووبەڕووی یاریزانی کرواتی، میریانا لیوسیس-بارۆنی دەبێتەوە.