Hezhar Hekım
11 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2017
سۆران-AA
شمشاڵ ژەنێکی کورد ماوەی ٦٠ ساڵە شمشاڵ دەژەنێت و لە پرسەی شەھیدان و زۆربەی دیلانەکاندا بەشدار دەبێت.
سەفەت کانیبۆتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژیانی پێشمەرگایەتیم و سەرکەوتنمان بەسەر نەیارانمان و شەھیدبوونی رۆڵەکانی کورد، سەرچاوەی ئیلھام و دروستکەری ئەم ھەستە بوو کە من پەرە بەو ھونەرە کولتوورییە بدەم، چونکە شمشاڵ ژەن دەتوانێت ھەم لە شین و گریان ھەم لە خۆشیدا شمشاڵ بژەنێت، تا ئێستا بەشداریم لە چەندین پێشبڕکی و فێستیڤاڵی ناوخۆیی و جیھانیدا کردووە".
سەفەت تۆفیق، دانیشتووی گوندی کانیبۆت لە دەڤەری بارزان سنووری قەزای مێرگەسور لە پارێزگای ھەولێر، تاکە شمشاڵ ژەنە کە ئەزموونی زیاتر لەنیو سەدەی لە ژەنینی شمشاڵ و دووزەلەدا ھەیە و ئێستا ئەو تەمەنی ٦٥ ساڵە.
کانیبۆتی بەشداری لە چەندین کلیپ و دۆکیۆمێنت و کورتە فیلمدا کردووە. دامەزرێنەری تیپی ھونەرو شانۆی کانیبۆتە کە تایبەتە بەگرووپی ھەڵپەڕکێ و کولتوور و بواری رۆشنبیری و وێنەی فۆتۆگرافی و بوارە ھونەرییەکانی دیکە.
ئەو ھونەرمەندێکی پێشمەرگەیە، ھاوکات بەشداری لە چەندین مەراسیم و فێستیڤاڵی ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتدا کردووە، ھەروەھا چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، خاوەنی دوو کچ و سێ کوڕە.
سەفەت کانیبۆتی بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "من لە تەمەنی ٨ ساڵیدا بووم کاتێک فێری شمشاڵ ژەنین بووم، ژیانی پێشمەرگایەتی باوک و باپیرانم، ھەروەھا شوانکاری و مەڕداری دواتریش کە بوومە پێشمەرگە ئیلھامیان پێدام بۆ ئەوەی بیری فێربوون و ژەنینی شمشاڵ بکەمەوە، دواتریش خەباتی پێشمەرگایەتیم لە شاخ ھاندەرم بوون بۆ ئەوەی زیاتر بەردەوام بم و دانەبڕێم".
سەبارەت بەوەی کە چۆن و بەچی شێوەیەک فێری شمشاڵ ژەنین بووە، سەفەت کانیبۆتی گوتی: "فایەق کانیبۆتی کە ئامۆزای باوکمە دووزەلڤان و شمشماڵ ژەنێکی زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام باوکم نەیدەھێشت دووزەلە بژەنم، چونکە ھەمیشە دەیگوت: دووزەلە تەنھا بۆ کاتی دڵخۆشییە، بەڵام شمشاڵ بۆ شین و خۆشی بەکار دەھێنرێت، دەکرێت شمشماڵ لە دوای مردوو و لەسەر گۆڕەکان بژەنرێت، بەڵام بۆ زوڕنا و دووزەلە ئەمە رەوا نییە، بۆیە لەسەر قسەی باوکم شمشماڵ ژەنینم ھەڵبژارد".
سەفەت کانیبۆتی سەبارەت بەوەی کە ئاوازەکانی لە چ جۆرێکن گوتی: شمشماڵ شەریک و ھاوڕێی روحی مرۆڤە، ئاوێتەی روحی مرۆڤ دەبێت، کۆنترین ئامێری دەنگسازییە، تەنانەت لە ئایینە ئاسمانییەکانیشدا حەلال کراوە، روحی ھەموو مرۆڤێک حەزی لە دەنگی شمشاڵە. شمشاڵ رق و کینە لە دڵی مرۆڤ ناھێڵێت، دەنگ و ئاوازەکانی شمشاڵ جۆراوجۆرن، ئەڤینی و دڵداری، پرسەی مردوو، حەیران و شۆڕشگێڕی،. ئاوازەکانم دەگەڕێنەوە بۆ چیرۆکەکانی چەندین سەدە لەمەوبەر کە تایبەتن بەھونەری کوردی و ئاوازەکانی مێرخاسانی کورد بەبیر نەوەی ئەمڕۆ دەھێنێتەوە".
ھەروەھا گوتی: "ھەندێک ئامێر ھەن ناتوانن ھەست و تامی کوردایەتی بەگوێی بیسەردا بدات، بەڵام شمشاڵ رێک ئەو ئامێرەیە کە دەتوانێت تامی ھونەری کوردی بدات. واتا تەنھا تایبەتە بەھونەری کوردی. بۆیەش دەمەوێت بەو دەنگ و ئاوازە کورد بگەڕێنمەوە پێش پەنجا ساڵ بەری نھا".
ئەو دەشڵێت کە لە پرسەی شەھیدانی کوردستان بەتایبەت لە چلەی ماتەمینی شەھیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ھەموویان لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەشدار بووە و هەروەها لە یادکردنەوەی شەھیدان پشکدار بووە.
سەفەت کانیبۆتی گوتی: "دەمەوێت ئەزموونەکەم پێشکەشی چەند کەسێک بکەم کە کۆمەڵە کوڕە گەنجێکی گوندەکەمانن، ئەوان خەریکە پێدەگەن و فێری ئاوازەکان و ژەنینی ئەو ستایلە دەبن کە من بەکاری دەھێنم کە تایبەتە بەھونەر و مەقام و سترانی کوردییەوە. شاکر محەمەد و ژمارەیەک کوڕە گەنجی دیکە رۆژانە بەیەکەوە دادەنیشین و پڕۆڤە دەکەین".
سەبارەت بەجۆری ئەو شمشاڵانەی کە ھەن سەفەت گوتی: "چەند جۆرێکن باڵەبان، شمشاڵی لەڤەن کە (پیکە)، و چەند جۆرێکی دیکەش ھەن، بەڵام من زیاتر ٣ جۆریان بەکاردەھێنم، دانەیەکییان لە دار دروستکراوە و دوو دانەکەی دیکەش لە ئاسن دروستم کردوون. زیاتر لە ١٠٠ دانەم وەک دیاری داوەتە خەڵک و بەردەوام دروستیان دەکەم، چونکە عەشقێکی زۆرم بۆ شمشاڵ ھەیە و حەز دەکەم ھەموو کەسێک فێری ببێت".
سەبارەت بەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ھونەرمەدانی ئەم بوارە ناوبراو گوتی: "یاسین شەرنەخی کە خەڵکی تورکیایە شمشاڵێکی وەک دیاری پێشکەش کردووم، من زۆر سەرسامم پێی و لە دیتنێکمان ئەویش بەھەمان شێوە سەرسامی خۆی بۆ دەنگ و ئاوازەکانی شمشاڵەکەی من دەربڕی، بۆیە شمشاڵە دارەکەی پێشکەش کردم".
ناوبراو گوتیشی: "ژیانی پێشمەرگایەتی، من و شمشاڵی لێک دوور نەخستەوە. لە شاخ و لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەردەوام ٢ شمشاڵ لەناو کۆڵەپشتییەکەمدا ھەبوو. لە کاتی سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕەکان و لەکاتی شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک شمشاڵەکەم باشترین ھاوڕێی دڵنەوا و فریادڕەسی روحەکانمان بوون، بۆیە کاتێک شەھیدمان دەبوو ئاوازێکی غەمگین دڵەکانی نەرم دەکرد و کاتێک بەسەر دوژمن سەردەکەوتین بەدووزەلە ئاوازی شادی و شاییمان دەژەنی و دڵی پێشمەرگەمان شاد دەکرد.
سەفەت کانیبۆتی گوتیشی: "لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا شمشاڵم بۆ یادی شەھیدان ژەنیوە، تەنھا ئاواتم ئەوەیە بتوانم شمشاڵی خۆشی و سەرکەوتن بۆ دەوڵەتی کوردستان بژەنم".