Sangar Hamad Azeez
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
مەدرید - AA
سەرۆکی خولە پرۆفێشناڵەکانی ئیسپانیا، خاڤێر تیباس رایگەیاند کە بۆ وەرزی داهاتوو، لە خولی لالیگا سیستەمی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی کە بە (VAR) ناسراوە، پەیڕەو دەکەن.
لەمیانی گوتارێکیدا لە کۆنفرانسێکی وەرزشی لە مەدرید، تیباس ئاماژەی بەوە کرد کە سیستەمی (VAR) لە هەریەک لە خولەکانی ئەڵمانیا، پڕتوگال، ئیتالیا و ئینگڵتەرا پەیڕەو دەکرێت و گوتیشی :"لە وەرزی ٢٠١٨-٢٠١٩دا لە خولی لالیگاش پەیڕەوی دەکەین".
ناوبراو تیشکی خستە سەر فرۆشتنی مافی پەخشکردنی یارییەکانی لالیگا لە ساڵانی داهاتوو، و گوتی: " چاوەڕوان دەکەین لە ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٢ داهاتی مافی پەخشکردنی یارییەکانی خولی لالیگا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە ناوەوەی ئیسپانیا دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆڕۆ و لە دەرەوەی ئیسپانیا یەک ملیار یۆڕۆ بێت. بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەی نوسینگەکانمان لە سەدا ٨٠ زیاد کردووە".
لەلایەکی دیکەش پرسی کشانەوەی یانەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆڵ لە خولی لالیگا کۆتایی پێهات ئەمەش دوای ئەوەی بە فەرمی گشپرسییەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا هەڵوەشێندرایەوە .