Zana Natık Kerem
09 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێ کرد.
بڕیاربوو دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران کاتژمێر ١١ی بەیانی ساز بکرێت، بەڵام بەھۆی بەردەوامی کۆبوونەوەی کوتلە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر کاندیدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەردوو جێگرەکەی، دەست پێ کردنی دانیشتنەکە بۆ کاتژمێر چواری ئێوارە دواخرا.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی ئەنجوومەنەکە لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی عەزم، مەحمود مەشھەدانی دەستی پێ کرد.
مەحمود مەشھەدانی تەمەن ٧٤ ساڵ، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو.
ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆی ٣٢٩ ئەندام کە ٣٢٥یان ئامادەن، سوێندی یاساییان خوارد کە تیایدا ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان بە زمانی کوردی سوێندی یاساییان خوارد.
بەپێی ئەو نەریتییە سیاسیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پشکی سوننەیە و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ شیعە و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بۆ کوردە.
تا ئێستا محەمەد حەلبوسی وەک کاندیدی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بووەتەوە، ھاوکات ھەریەک لە حاکم زاملی وەک کاندیدی رەوتی سەدر بۆ پۆستی جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵڵایش وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی کراونەتەوە.
بەڵام ھێشتا ئەوە دیار نییە کە ئایە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵدەبژێردرێن یان نا.