Salim Hemexan
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
ھەڵەبجە – AA
لە گردبوونەوەکەدا یاداشتێک درا بە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق کە ئامادەی پێشوازیکردن بوون لە چالاکوانانی شارەکە و پاشتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ناوەڕۆکی یاداشتەکە لە لایەن ئەندامی تۆڕی ھاوبەشی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە، مەنزەر عەلی باسام خوێنرایەوە. لە یاداشتەکەدا مێژووی شاری ھەڵەبجە و قوربانیدانی لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوایەکەکانی عێراق خرابوویە روو، لە سەرووی ھەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەری ئەنجام درابوو تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و شەھیدکردنی پێنج ھەزار ھاووڵاتی شارەکە.
لە بەشێکی یاداشتی رێکخراوەکانی ھەڵەبجەدا ھاتبوو "بۆ بوژاندنەوە و پێشخستنی ئەم شارە و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی ھاووڵاتییان و رێزگرتن لەو قوربانیانەی داومانە ھەمیشە بەڵێنی بەپارێزگاکردنی شارەکەمان پێدراوە، خۆشبەختانە بڕیاری بەپارێزگاکردنی شارکە لە ٣١/١٢/٢٠١٣ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە درا، ئەگەر چی گرفت و لەمپەری زۆری بۆھاتە پێش، بەڵام دواجار حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٣/٣/٢٠١٤ بڕیاری بەپارێزگاکردنی شاری ھەڵەبجەی دەرکرد و لە بەرواری ١٦/٣/٢٠١٤ فەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێمی بۆ دەرچوو، کە بوویە مایەی دڵخۆشی ھاووڵاتییان، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بوویەوە نەتوانرا بوودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، ئەگەر چی لە پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ لە پەرلەمانی عێراق ھەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ بڕێک بوودجەی بۆتەرخانکرا، ھەروەھا مامەڵەی حکوومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی نەوت و پلاندانان و کردنەوەی لقی ھەڵەبجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی و کردنەوەی نووسینگەی ھەڵەبجەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانپیانانی شارەکە وەک پارێزگا بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە ناونەھێنانی ھەڵەبجەیە وەک پارێزگا و دابیننەکردنی ھیچ بڕە بوودجەیەکە بۆی لە پرۆژە بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨".
لە کۆتایی یاداشتەکەدا رێکخراوەکانی ھەڵەبجە رایدەگەیەنن "ئێمە وەک رێکخراوەکان و چالاکوانانی ھەڵەبجە داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە پرۆژە یاسای بوودجەی ٢٠١٨دا ناوی ھەڵەبجە وەک پارێزگا بچەسپێنن و وەک ساڵانی پێشووش بوودجەی تایبەت بە خۆی بۆ دابنرێت، ھەروەھا پشتیوانی و پشتگیری داواکاریی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێم دەبین کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە کە داوای دانانی بوودجەی پارێزگای ھەڵەبجە کراوە".
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەختیار شاوەیس لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا گوتی: "پرسی مامەڵەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە پرسی تەنھا شارێک و فراکسیۆنێکی پەرلەمان نییە بە تەنھا بەڵکو پرسی ھەموو خەڵکی کوردستان و ھەموو نوێنەرانی کوردە، ئێمە کێشەمان تەنھا دابینکردنی بوودجەی پارێزگاکە نییە بەڵکو کێشەمان دانپیانانە بە ھەڵەبجە وەک پارێزگا پێویستە ئێمە شەڕی یاسایی پارێزگای ھەڵەبجە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلایی بکەینەوە، ئەوە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن و کێشە داراییەکانیش یەکلایی دەبنەوە، ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی یاساییمان لەبەردەستایە کە دەیسەلمێنێت ھەڵەبجە لە حکوومەتی عێراقیدا پارێزگایە، ھەم بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لەساڵی ٢٠١٣ دەرچووە کە بە بڕیاری ٥٦٨ ناسراوە کە بەداخەوە ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەنجوومەنی وەزیران ئیعتیراف بە بڕیاری خۆی ناکات، ھەروەھا بە پێی بەڵگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەماوەی سێ ساڵدا لە پرۆژەیاسای بوودجەدا وەک پارێزگا ناوی ھێناوە، ھەروەک بەڵگەیەکی تری زۆر روون کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ٩/٢/٢٠١٧ ئەو وەزارەتە نووسراوێکی بۆپارێزگای ھەڵەبجە ناردووە و دەڵێت تەخسیساتی دارایی سێکتەرەکانمان بۆ بنێرن ھەموو ئەو بەڵگانە دەری دەخات کە حکوومەتی عێراقی ئیجحاف بە مافی ھاووڵاتییانی پارێزگای ھەڵەبجە بەتایبەتی و خەڵکی کوردستان بەگشتی دەکات، ئێمە ئەم یاداشتە و ھەموو ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن کۆدەکەینەوە و لەگەڵ گەڕانەوەمان بۆ بەغدا ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەین".
لای خۆیەوە پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمین بەکر بۆ دەزگاکانی راگەیاندن قسەی کرد و گوتی: "بەرگریکردن لە پارێزگای ھەڵەبجە ئەرکی سەرشانمانە و پرسێکی یاساییە و ھەرگیز وازی لێناھێنین، پرسێکە کەموکوڕی تێدایە و حکوومەتیش وەکو پێویست پێیەوە پابەند نابێت و ئێمەش بەشێک لە ھۆکاری ئەو تاوانە ھەڵدەگرین کە لە ساڵانی رابردوودا لەبەر کێشمەکێشی سیاسی و جۆرێک لە سیاسەتکردنێکی جیاواز نەمانتوانیوە خۆمان یەکلابکەینەوە بۆ ئەو پرسە یاساییانەی پەیوەندیان بەخەڵکی کوردستانەوە ھەیە لەناویاندا پرسی پارێزگای ھەڵەبجە، کە بە پرۆسەیەکی یاسایی تەواوکاریدا ھەموو قۆناغەکانی خۆی تەواو ببێت و ئەو دامودەزگا و بەڕێوبەرایەتیانە لە ھەڵەبجەدا بکرێنەوە کە سیمای تەواوەتی دەدەنە پارێزگای ھەڵەبجە".