Abdullah Shukur
10 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2017
واشنتۆن - AA
فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا، ستیفن تاونسند خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر رزگارکردنی شاری مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نیشاندا و راشیگەیاند کە ئەو سەرکەوتنە کۆتایی بە داعش ناھێنێت و شەڕێکی قورستر ماوە.
فەرماندەیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە نووسراوێک رایگەیاند کە "ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە خۆشحاڵیەوە دەڕوانێتە سەرکەوتنەکەی حەیدەر عەبادی لەمەڕ رزگارکردنی شاری مووسڵ، ھاوکات پیرۆزبایی لە سوپای عێراق دەکات بەھۆی ئەوەی ھەوڵێکی زۆریان داوە لە بەرامبەر پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل لە کاتی رزگارکردنی ئەو شارە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پاککردنەوەی شاری مووسڵ لە چەکدارانی داعش بەردەوامە و ھەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەو بۆمبانەش دەدرێ کە لە خانووەکاندا چێنراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ھەڵسەنگاندنەکانی فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان جەنەڕاڵ، ستیفن تاونسند لەبارەی رزگارکردنی شاری مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دراوە.
تاوسند دەڵێ: "ھێزەکانی ھاوپەیمان بە بۆنەی سەرکەوتن بەسەر دوژمنێکی ستەمکار و خراپ، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی و سوپای عێراق دەکات. بەڵام ئاگەداربن ئەم سەرکەوتنە، کۆتایی بە داعش ناھێنێت و شەڕێکی قورستر لە پێشمانە. لەدەستدانی یەکێک لە پایتەختەکانی بەناو خەلافەتەکەیان، دەبێتە گورزێکی توند بۆ ئەوان. ئۆپەراسیۆنی مووسڵ شەڕێکی قورس بوو. شانازییە بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمان کە بەشداربێ لە سەرکەوتنەکەی سوپای عێراق".
لە راگەیەندراوەکەدا باسی ھاوکارییەکانی پێشمەرگە و گرووپەکانی عێراقی لە رزگارکردنی شاری مووسڵ کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش تاکو ئێستا لە چەندین ناوچەی عێراق ماوە و ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانیش بۆ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش بەردەوام دەبێت.