ھەولێر
پەیامنێری (AA) لەشاری ھەولێر لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستانی عێراق دید و بۆچوونی خەڵکی وەرگرت وئەوان خوازیارن بەزوویی کابینەی تازە دەست بەکاربێ و کابینەیەکی بنکە فراوانبێ.
پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی رایانگەیاندبوو مەرجی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەت ئەوەیە نەک تەنیا بەشدار بن، بەڵکو بڕیاردەریش بن.
جەلیل عەلی پیاوێکی تەمەن پەنجا ساڵانە و فەرمانبەری حکومەتە لە ھەولێر گوتی: "ئەوەی لەسەرشانی خەڵک بوو بەئەنجامی گەیاند، ئێستا کاتی کەسایەتیە سیاسییەکانە ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن.کابینەکانی پێشووی حکومەتمان بینیوە، ھیوادارم ھەموو حیزبەکان بەشداری لە کابینەی نوێ دا بکەن ، پێویست ناکات لەسەر جیاوازی بیروڕا کاروباری حکومی دوا بخەن، خەڵک چاوەڕێی دروستکردنی کابینەی نوێ دەکات."
کابینەی بنکە فراوان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ساڵی ٢٠٠٦ بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی پێکھێنرا، لەو کابینەیەدا بەشی ھەرە زۆری حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد و لە٤٢ وەزارەت پێکھاتبوو.
ھەرچەندە لەڕووی پێکھاتەوە رەخنەی لێگیرا، بەڵام بەشێکی زۆری سیاسییەکان پەسنی ئەو کابینەیان دا بەوەی بووەتە ھۆی دروستکردنی متمانە لەنێوان ھێزە سیاسییەکان.
سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان نیعمەت عەبدوڵڵا لەبارەی پێکھێنانی کابینەی بنکە فراوان گوتی: " لەڕووی سیاسییەوە پێدەچێ باشبێ، بەڵام لەڕووی ئیدارییەوە حکومەتێکی سەرکەوتوو نابێ، بەڵام بۆ حیزبەکان بەشدارییەکی بەرچاویان ھەبێ لەناو حکومەتی بنکەفراوانی ھەرێم کارێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانن ئیدارەیەکی سیاسی سەرکەوتوو پێشکەش بکەن و تەحەدای وڵاتانی دەوروبەر بکەن بۆ ھەر ئەگەرێک."
مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر کامەران مەنتک بۆ (AA) گوتی: "پێکھێنانی حکومەتی نوێ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆکوشتنی سیاسییە چونکە بەشێک لەجەماوەری ھەردوو حزب لەگەڵ ئەوەدا نین."
لە بەندی پێنجەمی دەستوری عێراقدا ھاتووە دان دەنرێ بەحکومەتی ھەرێمی کوردستان. بەپێی ئەو دەستورەی کە ئێستا کاری پێدەکرێ ھەرێمی کوردستان ھەموو مافێکی یاسایی و شەرعی ھەیە لە بەرێوەبردندا.