باتمان
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا پەروین بوڵدان رایگەیاند: "ھێشتا حکومەت خۆی لە کاریگەری سیاسەت و عەقڵیەتی سەربازی رزگار نەکردووە و دەیەوێ لە چوارچێوەی سیاسەتی سەربازیدا کێشەکان چارەسەر بکات."
پەروین بوڵدان گوتی: " لە جیاتی ئەوەی حکومەت جێبەجێکردنی ھەنگاوی دیموکراسی بخاتە بەردەم پەرلەمان، سەرقاڵی ئەوەیە دوای تەزکەرەکەی سوریا تەزکەرەیەکی دیکە بۆ عێراق بێنێتە پەرلەمان، ئەو ھەنگاوانەی حکومەت دەبنە ھۆکاری تێکدانی قۆناغی چارەسەری کە ئێستا چەندین کێشەی تێکەوتووە."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە رایگەیاند: "تا ئێستا حکومەت ھیچ سوودێکی لەو تەزکەرانە نەبینیوە کە خستوویەتە بەردەم پەرلەمان و حکومەت دەیەوێ پرسی کورد چارەسەر بکا چی پێویستیەکی بەو تەزکەرانە ھەیە؟"
بوڵدان گوتی: " ئەو ھەنگاوانەی حکومەت گۆمانیان لای ئێمە درووستکر، ئەرکی پەرلەمان ئامادە کردنی تەزکەرەی شەڕ نییە، بەڵکو ھەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی ئاشتییە."
پەروەین بۆڵدان ھەروەھا گوتی: "پێویستە حکومەت وەڵامی نامەکانی ئوجەلان بداتەوە. ئێمە وەک بەدەپە لە دژی ھەنگاونەنانی حکومەت و تەزکەرەکەین و ئەگەر ئەو تەزکەریە بێتە پەرلەمان، ئێمە دەنگی پێ نادەین."
بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد پێشبینی دەکرێت حەفتەی داھاتوو شاندی بەدەپە جارێکی دیکە سەردانی ئیمرالی بکاتەوە و گوتی: "دوای گەڕانەوە لە ئیمرالی، سەردانی قەندیلیش دەکرێ و بیروڕای قەندیل و ئیمرالی یەکە."