یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پرۆژەیەک دەخەنە بەردەستی سەرۆکی حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە ئافرەتان لەکابینەکەیدا ھەبێت.
د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ AA ئاشکرای دەکات لە سەروبەندی دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایەکی فەرمی پێشکەشی حزبەکەیان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی راسپێردراو دەکەن بۆ ئەوەی وەزارەتی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت.
د.ڤیان لەمبارەیەوە گوتی: "لە رابردوودا کەمترین ئافرەتی وەزیر لە سەرجەم کابینەکانی حکومەتدا ھەبوون، بۆیە ئێمە لەگەڵ بوونی رێژەیەکی باشی ئافرەتان وەکو راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر لە وەزارەتەکاندا، دەمانەوێت وەزارەتی زیاتر بدرێتە ئافرەتان بە لەبەرچاوگرتنی لیھاتووییان."
لە ساڵی ١٩٩٢ەوە حەوت کابینەی حکومی لەھەرێمی کوردستان پێکھێنراون و ئافرەتان کەمترین وەزارەتیان پێدراوە، بە نموونە لە چوار کابینەی دوایی چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم لەکۆی ١٠٤ وەزیر، تەنھا شەش وەزیری ئافرەت ھەبوون، بەو پێیە رێژەی ئافرەتان دەکاتە ٥.٧% ، لەکاتێکدا بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕەگەزی مێ لە پێکھاتەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ٤٩.٩% و ڕەگەزی نێریش ٥٠.٢% یە.
د. ڤیان کە سکرتێری تاکە رێکخراوی ئافرەتانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان وحزبی براوە و بژاردەی یەکەم لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتە کە نێچیرڤان بارزانیی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی کابینەی داھاتووی حکومەتی ھەرێم بێ ڕکابەرە، ھەروەھا داوا لە سەرکردایەتیی حزبەکەشی دەکات ھاوسەنگی رابگرێت و لە پشکی خۆی دا وەزارەتی زیاتر بداتە ئافرەتان .
بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان رێژەی ٣٠%ی لە ١١١ کورسی پەرلەمان بۆ ئافرەتان دەبێت و ئەم سیستمە لەکاتی دروستکردنی لیستیش بۆ بەشداریی ھەڵبژاردن پەیڕەودەکرێت.
چالاکوانی بواری ئافرەتان خوناو شێروانی پێیوایە کرانەوە و بەرەوپێشوەچوونی دیموکراسییەت لە ھەرێمی کوردستان لە حکومەت و ئەو کەس و لایەنەشی کابینەی نوێی حکومەت پێکدەھێنن دەخوازێت وەزارەتی زیاتر بداتە دەستی ئافرەتان و گوتی: " نابێت حکومەتی ھەرێم وەک حکومەتی عێراق ستەم لە ئافرەتان بکات و یەک یان دوو وەزارەتیان پێبدات، بەڵکو دەبێت چاو لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بکات و پشکی ئافرەتانی شارەزا و لێھاتوو لە وەزارەتەکاندا زیاتر بکات"، خوناو داوا دەکات لە کاتی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت رێژەی ئافرەتان لەنێو دانیشتووانی ھەرێم بەھەند وەربگیرێت و لانی کەم وەزیری سێ وەزارەت ئافرەت بن."
ئەوەی نکۆڵی لێ ناکرێت ئەوەیە ژنان لەکوردستاندا چەند ناکۆک بن لە پرسە جیاوازەکاندا، بەڵام لە داکۆکیکردن لە نوێنەرایەتیی زیاتر لە حکومەت و دەزگاکانی دیکە ھەموویان داوای نوێنەرایەتیی و بەرپرسیارێتیی زیاتر دەکەن.
بەرپرسی رێکخراوی بەھرەکانی ژنان شنۆ عوسمان، ھاوڕای د.ڤیان و خوناو شێروانییە و گوتی: " لە ئێستادا باشترە نوێنەرایەتیی ئافرەتان لە وەزارەتەکاندا ھاوشانی نوێنەرایەتییان بێت لە پەرلەماندا و رێژەیەکیان بە یاسا بۆ دیاری بکرێت کە لە ٣٠%ی کابینەکە کەمتر نەبێت"
شنۆ لەو بڕوایەشدایە لە ئێستادا بە ھۆی کلتووری کۆمەڵایەتیی و ھاوشان نەبوون و ھاوسەنگ نەبوونی پیاو و ئافرەت لە کوردستاندا، داواکردنی پۆستەکانی دیکەی وەک جێگری سێ سەرۆکایەتییەکەی (پەرلەمان، حکومەت، سەرۆکایەتی ھەرێم) ئەستەمە، بۆیە جەختکردنەوەی رێکخراوەکان و چالاکوانانی ئافرەتان لەکوردستان زیاتر لەسەر وەزیری ئافرەتە.