سلێمانی
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەسەرپەرشتی کوسرەت ڕەسول عەلی و دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح جێگرانی سکرتێری گشتی (ی. ن. ک ) ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەچوو؛ باس لە پرسی بەستنی پلنیۆم و کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی کرا.
لەبارەی بەشداریکرن لە کابینەی حکوومەتی داھاتوی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازاد جوندیانی گوتی: "ھێشتا لە ڕووی یاساییەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستیپێنەکردووە و پەرلەمانتاران سوێندیان نەخواردووە و بەرەسمیش ھێشتا ھیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی رانەسپێرداروە بۆ پێکھێنانی حکومەت، بۆیە لەکاتی خۆیدا یەکێتی بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات."
لە دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ٢١.٩.٢٠١٣ ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ١٨ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا و بەمەش بووە سێھەم ھێزی ھەرێمی کوردستان لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لە نێوان قاعیدەی ئەو حزبە دا دروستکردووە و زۆرێک لە ئەندامان و کادیرانی ئەو حزبە داوای لێپێچنەوە دەکەن لەو کەسانەی کە بەرپرسن لە ھۆکاری ئەو شکستانە.