سلێمانی
لەبارەی چۆنێتی پێکھێنانی حکومەت و ئەگەرەکانی دروستکردنی ھاوپەیمانێتی ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بززوتنەوەی گۆڕان، محەمەد تۆفیق رەحیم ئەمڕۆ دووشەممە بۆ (AA) گوتی: "بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا ھەموو ئەگەرەکانی بەستنی ھاوپەیمانێتی تاوتوێکردووە، ئێمە خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرو سیناریۆیەک ئامادەکردووە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ. بەڵام تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ڕانەگەیەنراوە."
محەمەد تۆفیق رەحیم لەبارەی ھاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ھەروەھا گوتی: "ئێمە کارنامەی سیاسی خۆمان بەلاوە گرنگە، لەگەڵ ھەرلایەنێکدا جێگەی بێتەوەو جێبەجێ بکرێ، ئێمە ئامادەین کاریان لەگەڵدا بکەین و ھاوپەیمانێتی لەگەڵدا ببەستین، دەرگامان دانەخراوە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لەگەڵ ھەموو لایەکدا دەکەوینە گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی خۆمان جا ئەگەر ئەو حکومەتە بنکە فراوان بێ یان ھەر جۆرە ھاوپەیمانێتیەکی دیکە بێ."
لەلایەکی دیکە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەگای سەرەکی بزووتنەوەکەی لەشاری سلێمانی لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازەو بەشدارییکردنی گۆڕان لەحکومەت قسەی بۆ ئەندام و لایەنگرانیان کرد.
کۆبوونەوەکەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ کاندیدە دەرچوو و دەرنەچووەکانی گۆڕان بوو لەھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان. لە بەشێکی قسەکانیدا نەوشیروان مستەفا گوتی " ئەوانەی دەرنەچوون ھەر کادری ئێمەن و ڕێزی تایبەتیان لێدەگیرێ، ھەڵبژاردنی دیکەی وەکو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانی عێراقمان لەپێشە."
لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو و ئەگەرەکانی، نەوشیروان فستەفا رایگەیاند: "تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان بەتەواوی ڕانەگەیەنراوە، بۆیە ھیچ ھێزێک رانەسپێردراوە بۆ پێکھێنانی حکومەت."
نەوشیروان مستەفا ھەروەھا رایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان تیمیان دروستکردووە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەگەرو سیناریۆکانی پێکھێنانی کابینەی تازە، تیمەکە بەردەوام دەبێ لەکۆبوونەوەو تاوتوێکردنی زیاتری سیناریۆکان و بۆ ئەوەی سازو ئامادەبن بۆ گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت."