Hemin Hüseyin
04 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2017
هەولێر - AA
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان، ھۆشەنگ محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "هه‌رچه‌نده رۆژھەڵاتی مووسڵ به‌ته‌واوەتی كۆنترۆڵ كراوەتەوە، به‌ڵام رۆژانه شەپۆلی ھاتنی ئاوارەكان بۆ هه‌رێمى كوردستان بەردەوامە. رۆژانە زیاتر لە 500 كه‌س خۆیان ده‌گه‌یننه سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه و له وێشه‌وه بۆ ناوه‌ندى پێشوازى و كه‌مپه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای مووسڵ هاتنى ئاواره‌كان زیاتر بووە".
رۆژئاوای مووسڵ زیاترلە35 گەڕەك لەخۆدەگرێت و چل له سه‌دی شارەكە پێكدەھێنێت. پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی، پێشبینی بوونی٦٥٠ ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە دەكرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان هه‌روه‌ها گوتی: "كەمتر لە ٣٠ ھەزار ئاوارەی مووسڵ و دەوروبەری بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان گەڕاونەتەوە. له ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردوو ژماره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان زۆر كه‌مبووەته‌وه و هاتنى ژماره‌ى ئاواره زیاتره له گه‌ڕانه‌وه‌یان. به‌هۆى تێكچوونى بارودۆخى ئه‌منى لە رۆژھەڵاتی مووسڵ و نه‌بوونى خزمه‌تگوزاری سەرەتایی ژیان، خه‌ڵك ماڵه‌كانیان بەجێ ده‌هێڵین و زۆربه‌یان روو له هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن".
ھۆشەنگ محەمەد ئاماژەی بەوەدا "هه‌رچه‌نده پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوارەكان لە لایەن دامه‌زراوه راسپێردراوەكان له وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ئاسایش و پارێزگاكان زۆر خێراتر كراوە و هاوكارى و كارئاسانى پێویست بۆ ئەو ئاوارانە ده‌كرێت كە به شێوه‌یەكی ئاره‌زوومه‌ندانه بۆ ناوچەكانیان دەگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى دڵنیانین له ئاسایشی خۆیان و بوونى خزمه‌تگوزارى و داھاتوویان، پڕۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وەی ئاوارەكان راوه‌ستاوه".
گوتیشی: "بە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای مووسڵ لە رۆژی ٩ شوباتی ٢٠١٧ شەپۆلێكی دیكەی ئاوارەبوون دەستی پێكرد و تا ئێستا زیاتر له ١٥ هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوونه له كهمپەكانى رۆژئاوى مووسڵ نیشتەجێكراون".
به گەیشتنی ھێزە سەربازییەكان بە گەڕەكەكانی رۆژئاوای مووسڵ پێشبینی ئاوارەبوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س دەكرێت و شه‌پۆلی نوێی ئاواره لەبەر نه‌بوونى جێگا و خزمه‌تگوزارى و ئاسایش له كه‌مپه‌كانى رۆژئاوای مووسڵ روو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن.
ھۆشەنگ محەمەد لە كۆتاییدا باس لەوە دەكات ھاتنی ئەم ئاوارانە بۆ ھەرێمی كوردستان بارگرانییهكى دیكە ده‌خاته سه‌ر شانی دامه‌زراوه ئه‌منی و مه‌ده‌نییه‌كان بۆ پاراستن و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری كە بەھۆی نه‌بوونى هاوكارى راسته‌وخۆى پێویست بۆ دامهزارهكانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غدا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تى، رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بەدەست نەبوونی سه‌رچاوه‌ى دارایى و كه‌لوپه‌لى پێویست بۆ باشتر خزمەتكردنی ئاوارەكان دەناڵێنن.
ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان سەربە وەزارەتی ناوخۆیە و بە نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئاوارەكان ھەماھەنگی و ھاوكاری لەگەڵ ھەر یەك لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناحكومییەكان دەكات.