Mazın Asad
19 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2018
عەزاز - AA
بەھۆی ھێرشێکی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە لە عەفرینەوە بۆ سەر شارۆچکەی ئەلبابی نێو ناوچەی قەڵغانی فورات، منداڵێک گیانی لەدەست دا و پێنج کەسیش بریندار بوون کە تەندروستیان دووانیان نالەبارە.
بەرپرسی بەرگری شارستانی ئەلباب، ئەبو سەلیم لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند بە بۆمب ھێرش کرایە سەر خێمەیەک لە دووری ١٥٠ مەتر لە نەخۆشخانەی حیکمەی شارۆچکەکە کە لە ناویدا خێزانێک دەژی.
ئەبو سەلیم گوتیشی: "ھێرشەکە لە دەوروبەری کاتژمێر ١٩:٣٠ خولەک روویدا کە بەھۆیەوە منداڵێک سوتا و پاشان گیانی لەدەست دا. پێنج ئەندامی ھەمان خێزانیش بریندار بوون کە برینی دووانیان سەختە. بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
لە لایەکی دیکەوە فەرماندە لە سوپای سووریای ئازاد لە شارۆچکەی ئەلباب، ئەبو ئیسماعیل لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە بە ھاوەن یاخود رۆکێت ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەی شەیالە کە ١٠ کلیۆمەتر لە شارۆچکەی ئەلباب دوورە.
ھاوکات دوێنێش پەیەدە/پەکەکە لە دەوروبەری کاتژمێر ٠١:٠٠ی شەو نەخۆشخانەیەکی لە شارۆچکەی ئەلبابی سنووری سووریا-تورکیا کردبووە ئامانج و بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست دا و ١٤ی بریندار بووبوو.