Zana Natık Kerem
04 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری پاڵپشتی خۆی بۆ داواکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راگەیاند کە تیایدا داوای کردووە، ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
لەمبارەیەوە ھادی عامری کە یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "پاڵپشتی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین کە موقتەدا سەدر داوای کردووە، بەتایبەت کە ھەڵبژاردنی رابردوو گومان و ناڕەزایەتیی زۆری لەسەر بوو".
راشیگەیاندووە "ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستی بە گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر ھەیە لە پێناو دیاریکردنی وادە و دابینکردنی میکانیزم و پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە، ھەروەھا رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد کە متمانەی ھاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسیی بگەڕێنێتەوە".
دوێنێ چوارشەممە سێی ئابی ٢٠٢٢، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنییدا داوای کرد ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
لەگەڵ ئەوەی ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.